خەبات: سۆلین سلێمان:- زۆرن ئەو کەسانەی کە حەزی بەخێوکردنی ئاژەڵیان ھەیە لە ماڵەکانیاندا، جا چ بەمەستی جوانی بێت یان سوود وەرگرتن، رەحیم نەجمەدین تەمەن 28 ساڵە دانیشتووی گوندی بازێیە لە دەڤەری بارزان، ئەو جیاواز لە ھەر کەسێک حەزی بەخێوکردنی مارى هەیە، لە رێگەى دیدارێکەوە بەو شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانى ئێمەى دایەوە.

*چۆن بوو بیرت لە بەخێوکردنی مار کردەوە؟
“وەک ھەر کەسێک کە حەزی لە بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵیە، منیش حەزم لە بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵیەکانە، زیاتر ئاژەڵە جیاوازەکان، ئەوانەى کەمتر لای خەڵک و سروشتدا دەبیندرێن، ھەر بۆیە بریارمدا مار بەخێوبکەم، بۆ ماوەی پێنچ ساڵە مار بەخێودەکەم و بە شێوەیەکی گشتی حەزم لە بەخێوکردنی گیانەوەرە خشۆکەکانە.

* ئایا بەخێوکردنی مار لە ماڵدا مەترسیدار نییە، چۆن توانیوتە ماڵ و دەوروبەرەکەت لێڕابھێنیت؟
“بە بۆچوونی من بەخێوکردنی مار وەک ئاژەڵی ماڵی باشترین بژاردەیە بۆ ئەو کەسانەی کە وەک من زۆر کاتیان نییە، چاودێری ئاژەڵە ماڵییەكان بكەن، چوونکە مار رۆژانە پێویستی بەچاودێری نییە، ھەفتەیەک تا دە رۆژ جارێک ئارەزووی خواردن دەکات، ھەروەھا مارەکان زیاتر لە خواردن پێویستیان بە گەرمایە، کەواتە دەبێت پلەیەکی گەرمای بەرز و جێگیرى بۆ دابین بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا مار ئاژەڵێکی بێدەنگە و قەرەباڵغی لەناو ماڵدا دروست ناکات، ھەر کاتێکیش دەیانبینم ھەست بە ئارامی دەکەم.

* ئایا بەخێوکردنیان لە ماڵ هیچ کێشەوگرفتێکى بۆ دروست نەکردووى ؟
“بێگومان کە ناوی مار دێت یەکسەر مرۆڤ بیری ژەھری مار و پێوەدانی دەکات و وا ھەست دەکەین کە مار دوژمنە بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو جۆرە مارە کە ناوی زانستی (boa)constrictorە بە ھیچ شێوەیەک ژەھراوی نین و ددانی تیژی ژەھراویان نییە کەوابو ھیچ مەترسییەکیشیان نییە بۆ مرۆڤ، و ھیچ کێشەو گرفتی بۆ من و ئەندامانی خێزانەکەم دروست نەکردووە و بۆیە لەناو ماڵدا و لە ژووری خۆم بەخێویاندەکەم و بۆ ئەوەی مارەکان لە رووی ژینگە و کەش و ھەوای سروشتی خۆیان دەنەبرن جێگایەکی تایبەتم بۆیان دروست کردووە و کەش وھەوایەکی گەرم و پاک و سروشتیم بۆیان دابین کردوو.

*ئایا بەخێوکردنی مار ھیچ سوودێکی بۆت ھەبووە؟
“پێستی مار سوودێکی زۆری ھەیە بۆ ھەندێک نەخۆشی پێست بە گشتی وەک مایەسیری و نەخۆشیەکانی گورچیلە و میزەرۆ و چەندین نەخۆشی تر، ھەروەھا ماسکەکانی سروشتیشی بۆ جوانکاری قژ و پێستی دەموچاوی لێ دروست دەکرێت، لەگەڵ ئەوەش بەخێوکردنی مار بۆمن تەنیا حەزوخولیایێکە و بۆ ھیچ مەبەستێکی ماددی ئەو کارە ناکەم و پێستی مارەکانی خۆم بێ بەرامبەر دەبخشم بە خەڵک و دکتۆرە کوردەوارییەکان بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرن تا ئێستاش وا بۆ ماوەی پێنچ ساڵە بەردەوام بە دوای زانیاری دەگەرێم و و دەربارەی ژیانی ھەموو جۆرە مارێک زانیاری کۆدەکەمەوە بەو ھۆیەوەش زانیارییەکی زۆرم دەستکەوتووە و ئامادەمە لە لێکۆڵینەوە زانستیەکان بەشدار بم بۆ بەخشینی زانیارییەکانم و ھەموو کەس بتوانن سوود مەنبن لەم زانیارییانە.

*چ پەیامێکتان ھەیە بۆ داھاتوو، دەتانەوێت بەو کارە چیتان دەست کەوێت؟
“لە کۆتاییدا ئەگەر پشگیریم ھەبێت لە پلانمدا ھەیە باخچەیەکی گەورەی تایبەت بۆ ئاژەڵە خشۆکەکان دروست بکەم کە زۆرترین جۆری ئاژەڵە خشۆکەکانی خۆماڵی و بیانی تێدا دەبێت و دەبێتە جێگایەکی گەشتیاریش بۆ گەشتیاران.