خەبات: كامەران حاجی ئەلیاس:- هونەرمەند و نووسەر هەندرێن خۆشناویەكێك لەو هونەرمەندانەی جێ پەنجەیان لە نێو گۆڕەپانی هونەری كوردستان و عێراق بە تایبەتی لە بواری هونەری كاریكاتێر دیارە و هەردەم لە چالاكی هونەر بەردەوامی هەیە. چەندین پیشانگای تایبەتی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی كردۆتەوە. بەشداری چەندین پیشانگای هاوبەشیشی كردوە. هاوكات لەبواری نووسینش خاوەن خامەیەكی جوان و بەپێزە.لە چەندین گۆڤار سەرنووسەر،یان لە دەستەی نووسەران بووە. بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كارو چالاكییەكانی بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
*سەرەتا كورتەیەك لە ژیانی خۆت و ژیانی هونەری خۆت باس بكە.
– من لەدایكبووی گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێرم, قۆناغەكانی خوێندنیشم هەر هەمووی لەو شارەدا تەواوكردووە. لە خێزانێكی مام ناوەندی پەروەردەكراوم. هەر لە منداڵیەوە لە هاویندا كارم كردووە.خێزاندارم و دوو كوڕ و كچێكم هەیە. لە منداڵیەوە ئارەزوو و بەهرەی هونەرییم هەبووە, هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە مامۆستاكان هەستیان پێكردبوو. ساڵی 1977 وەكو ژەنیاری ئۆكۆردیۆن بوومە ئەندام لە یەكەمین تیپی مۆسیقای منداڵانی هەولێر, هاوكات بەشداریم لە پێشانگا شێوەكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی چالاكی قوتابخانەكان دەكرد. لە بواری نووسینیشدا یەكەم وتاری خۆم بە زمانی عەرەبی لە رۆژنامەی (الراصد) ی عێراقی لە ساڵی 1982 بڵاوكردەوە. لە بواری مۆسیقادا تا قۆناغی ئامادەیی بەردەوام بووم, بەڵام لە شێوەكاریدا بەردەوام بووم. لە ساڵی 1986 یەكەمین پێشانگای تایبەتی شێوەكاری و كاریكاتێری خۆم لە هەولێر كردەوە. لە دوای راپەڕینی 1991 بەردەوام كاریكاتێر و كارتۆن و مۆتیف و فۆتۆ و نووسین و وەرگێڕانم لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی هەرێمی كوردستاندا بڵاوكردۆتەوە. ساڵی 1998 بوومە نووسەر و كاریكاتێریست لە گۆڤاری (مەلامەشهور) ی كاریكاتێریی. بەردەوام بووم تا داخستنی لە 2003, هەروەها ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری گۆڤاری (گەپ) بووم لە 2004, و دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری نووسینیش بووم لە گۆڤاری (تەنزوێنە) لە 2006. لەلایەكی دیكەوە دەستەی دامەزرێنەر و جێگری سەرۆكی رێكخراوی (خانی بۆ لێكۆڵینەوەی هزری)م.
*هونەری كاریكاتێر چیە, مێژووەكەی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
– دەتوانین مێژووی هونەری كاریكاتێر بكەین بە دوو بەش, مێژووی ئەو هونەرە لە سەردەمە كۆنەكاندا و لە سەردەمی نوێشدا. لە سەردەمە كۆنەكاندا شارەزایان دەڵێن ئەو وێنانەی كە لەسەر دیواری ئەشكەوتەكاندا كێشراون وێنەی كاریكاتێرین, چونكە پێوەرەكانی نیگاركێشانی ئاسایی تێدا بەكارنەهاتووە, بەڵكو كاریكاتێریانە كێشراون. دوای ئەو سەردەمەش دەتوانین ئەو نیگارانەی كە كێشراون بۆ گاڵتەجاڕی و رەخنەگرتن لە دەسەڵاتداران و بەرپرسە زۆردارەكان لە سەردەمی فیرعەونیەكاندا لە وڵاتی قیبتدا (میسر) بە سەرەتای سەرهەڵدانی هونەری كاریكاتێر بژمێرین لە مێژوودا، بۆ نمونە وێنەی ئاژەڵەكان بەكاردەهێنران بۆ ئاماژەكرن بۆ بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرپرسە نەزان و نەویستراوەكان لەلایەن گەلەوە. وێنەی مشكێكیان دەكرد و سواری گالیسكەیەكی شاهانە بووە و دوو سەگ گالیسكەكەیان رادەكێشا. بۆ ئاماژەكردن بۆ بچوكی و كەمی دەسەڵاتداران و دارودەستەكەیان. هەروەها بەدەرخستنی كەموكوڕیی ئیدارە و كۆمەڵگە، وێنەی ئەسپێكی دەریاییان دەكرد لەسەر دارێكی بەرز پاڵكشاوە و هەڵۆیەكیش بە پێبلیكان هەوڵدەدات بگاتە لای ئەسپە دەریاییەكە! بۆ ئاماژەكردن بە دانیشتنی پیاوی نەشیاو لە جێگەی شیاودا و سەراوژێریی پێوەرە كۆمەڵایەتیەكان. بەهۆی ئەو وێنە كاریكاتێریانە رەخنەی توندیان لە رژێم و دەسەڵات دەگرت و وێنەی رێویەكیان دەكرد شوانیی بۆ مێگەڵە مەڕێك دەكات و وێنەی گورگێكیان دەكرد شوانیی بۆ كۆمەڵێ قاز و مراوی دەكات!
لە یۆنانی كۆنیشدا سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئەو هونەرە هەبووە، هونەرمەندێك هەبوو بە ناوی (بۆستن)، ئەرستۆ و ئەرستۆفانیس بەوە لە نووسینەكانیاندا وەسفیان كردووە، كە پیاوێكە وێنەی گاڵتەجاڕیی و رەخنەیی دەكێشا بەتایبەتی بۆ پیاوانی حوكم و دەسەڵات، هەتا بە هۆی ئەو وێنانەوە لە لایەن دارودەستەی پیاوانی دەسەڵاتەوە تیرۆركرا لە ژێر ئەشكەنجەدان. لەوانەیە ئەمە یەكەم كردەوەی تیرۆریستی بێ لە جیهاندا، لە دژی هونەرمەندێكی كاریكاتێریی ئەنجامدرابێ. مێژووی هونەری كاریكاتێریی لەسەردەمی نوێشدا, لەسەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا ئەم هونەرە لە هۆڵەندا بڵاوبۆوە. لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمدا لە ئینگڵتەرا بڵاوبۆوە، بە تایبەتی لەسەر دەستی هونەرمەند (جۆرج تۆتسهێند) كە زیرەكانە ئەو هونەرەی بەكارهێنا بۆ رەخنەی سیاسی، دوای ئەویش (ولیەم هۆگارت) هاتە مەیدانەوە، كە بەهۆی تابلۆ كاریكاتێریەكانیەوە دەربڕی سەردەمێكی مێژوویی ئینگلیزی بوو، كار و بەرهەمەكانیشی بوونە هۆی سەرەتایەك بۆ سەرهەڵدانی قوتابخانەیەكی هونەریی كاریكاتێریی لەسەر دەستی هونەرمەندە مەزنەكان (تۆماس رۆڵاندسۆن) و (جەیمس گیلاری) كە تابلۆ كاریكاتێریەكانیان هەروەك چەكێك بوو دژی گەندەڵكارانی ئەو سەردەمە و نیگارەكانیشیان بە رەنگی رەش و سپی لە چاپدەدا. دواییش بەدەست رەنگیان دەكرد (چونكە چاپی رەنگیان نەبوو). كارە هونەرەكانیان سەنگ و بەهای سیاسیانەی بەرچاوی هەبوو لەو ئانوساتەدا. لە ئیتاڵیاش (جیروم بوش) لە بواری كاریكاتێریی ناوێكی دیار بوو، كە چەندین وێنەی تەنزاوی كێشا, كە رەخنەیان لە كڵێسا دەگرت. لەدوای ئەویش (یەنبال كاراچی) پەیدابوو، بەڵام زۆرێك لە مێژوونووسان (لیۆناردۆ داڤینشی) بە باوكی هونەری كاریكاتێریی ناودەبەن لە ئیتاڵیادا.
لە فەرەنساش لە سەدەی نۆزدەهەمەوە ئەو هونەرە پێشكەوتنی گرنگی بەخۆیەوە بینی لەسەر دەستی چەندین هونەرمەندی كاریكاتێریی و لە پێشەوەی هەمووشیانەوە (چارل نیلیپۆن) كە گۆڤارێكی كاریكاتێریی دەركرد. لە دواییش رۆژنامەیەكی رۆژانە بە ناوی (شیڤاردێ) لە ساڵی 1830دا، ئەو گۆڤار و رۆژنامە كاریكاتێریانە هەموویان رەخنەیی بوون هەوڵیان دەدا بۆ چاكسازی سیاسی و چاكردنی باری بژێوی خەڵك، و وێَنە كاریكاتێریەكانی هونەرمەند (ئەندرێ دۆمێ) كە لەو رۆژنامە و گۆڤارانە بڵاودەكرانەوە، و وێنەكانی بە قوڵیی مانا و بزێویەوە دەناسران. ئەو وێنە كاریكاتێریانەش رۆڵ و كاریگەریەكی بەرچاویان هەبوو لە رۆشنكردنەوەی خەڵكی و بزواندنی رای گشتی، بەهۆی ئەو كاریكاتێرانەوەش (ئەندرێ دۆمێ) لە سەردەمی پادشا (لویس فیلیپ) خرایە زیندانەوە، چونكە تابلۆ كاریكاتێرییەكانی رەخنە و گاڵتەجاڕیان بە چینی ئوروستوكراتی و خودی پادشاش دەكرد. (ئەندرێ دۆمێ) بە یەكەم كاریكاتێریست دەژمێردرێ كە هونەری كاریكاتێریی وەكو رێكلامێكی سەربەخۆ بەكارهێنابێت.
لە یەكێتی سۆڤیەتی جارانیش ئەو هونەرە لەسەر دەستی هونەرمەندان (بینێ سترۆپ) و (لۆرسی ئیڤیمۆڤ) سەریهەڵدا. تابلۆ كاریكاتێریەكانیانیش رۆڵێكی گرنگیان هەبوو لە هاندان و وروژاندنی هەستی خەڵكی هەژار و ستەمدیدە بەتایبەتی لە دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر و شەڕی دووەمی جیهانیدا.لە ئەمریكاش ئەو هونەرە پێشكەوتنێكی گرنگی بەخۆیەوە بینی بەهۆی زۆریی رۆژنامە و گۆڤار و پەرتووكی كاریكاتێریی، بەتایبەتی لەسەرەتای سەدەی بیست. هونەرمەند (جۆرج كاپرۆت) كە بەڕەچەڵەك ئەڵمانییە بەناودارترین كاریكاتێریستەكانی ئەوكات دەژمێردرێ.
* لەبارەی مێژووی كاریكاتێر و بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەگەریی كوردیدا چی دەڵێیت؟
– كاتێك كە ئەگەر بزانین لە ساڵانی سیەكانی سەدەی رابردووەوە تەنیا لە عێراق نزیكەی سی گۆڤاری گاڵتەجاڕی كاریكاتێری بە زمانی عەرەبی هەبووە وەكو (بالك، بلبل، دومبلا، جحا الرومی، الهزل، حبزبوز، البهلول، الفكاهە…). لەگەڵ ئەوەی كە یەكەمین رۆژنامەی كوردی (كوردستان) لە 1898 پێش 124 ساڵ دەرچووە (بەداخەوە بەبێ وێنە بووە), و گۆڤاری رۆناهی Ronahi كە لە ساڵی 1942 لە شام دەرچووە, یەكەمین گۆڤاری كوردی بووە كە كاریكاتێری بڵاوكردۆتەوە، بەداخەوە كاریكاتێرەكە بیانی بووە، دەڵێن لە سلێمانی لە ساڵی 1927 هونەرمەند مەحمود شەوقی باوكی ئازاد شەوقی كاریكاتێر و نیگاری كێشاوە، بەڵام لە هیچ رۆژنامە و گۆڤارێك بڵاونەكراوەتەوە و بۆیە بەدەست نەكەوتوون، هەروەها شەمسەدین عەبدولقادر ناسراو بە حەسەن فەلاح (1910 سلێمانی – 1976 بەغدا) كە بەیەكێك لە یەكەمین هونەرمەندە شێوەكارەكانی كوردستانی عیراق دەژمێردرێ، ساڵی 1941 لە بەغدا لە گۆڤاری كاریكاتێری (حبزبوز) كاریكردووە، كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو و بەرپرسی گۆڤارەكەش نوری سابت بوو عارەب بووە، بەڵام لە سلێمانی لە دایكبووە و بە كاریكاتێر وێنەی (عەبدول ئیلاهی وەسی) و (نوری سەعید) ی سەرۆك وەزیرانی كێشاوە. هەروەها لە گۆڤاری كاریكاتێری (الكشكول) وێنەی كاریكاتێری هیتلەر و نوری سەعیدی كێشاوە.
هونەرمەند ئەنوەر سینو تووڤی (1927 بامەڕنی – 1994 بەغدا كە خەڵكی گوندی توڤیە لە كوردستانی توركیاوە هاتونەتە كوردستانی عیراق، یەكێك بووە لە یەكەمین ئەو نیگاركێشانەی كە كاریكاتێریان دروستكردووە و بڵاوكردۆتەوە. ئیدی دوای ئەوانیش بە ماوەیەكی زۆر لە سەرەتای حەفتاكانەوە و لەگەڵ دەرچوونی رۆژنامە و گۆڤاری كوردی لە عیراق، وەكو (هاوكاری) و (بەیان) و (رەنگین) و (تەندروستی) كاریكاتێریان بڵاودەكردەوە، كە زۆربەیان كاریكاتێری سادە و لاواز بوون، لە رووی هونەری تەكنیك و داڕشتنی بابەت و هێلكارییەوە، بێجگە لە كاریكاتێرەكانی مامۆستایان محەمەد ساڵەیی و دارا محەمەد عەلی و عەلی مەندەلاوی، دوای راپەڕین 1991 ش لەگەڵ دەرچوونی ژمارەیەكی زیاد لە پێویست لە رۆژنامە و بڵاوكراوە، چەند گۆڤاری تایبەت بە كاریكاتێر دەرچوون, لە ساڵی 1997ەوە هەردوو گۆڤاری كاریكاتێریی (سیخورمە لە سلێمانی و مەلامەشهور لە هەولێر) دەرچوون, بەدوای ئەوانیشەوە گۆڤارەكانی (دەهۆڵ تایمز, گەپ,تەنزوێنە) دەرچوون, ئێستا هەموویان داخراون. ئەم گۆڤارانە بوونە هاندەرێك بۆ هونەرمەندان بۆ بڵاوكردنەوەی كاریكاتێرەكانیان، نەوەیەكی نوێ لە هونەرمەندانی كاریكاتێر هاتنە مەیدانەوە، بۆیە دەتوانین قۆناغی دوای راپەڕین بەقۆناغی سەرهەڵدانی هونەری كاریكاتێری كوردی لە قەڵەم بدەین، چونكە لە قۆناغی هەوڵدانی تاكە كەسی دەرچوو و چۆتە قۆناغی كاری دەستەجەمعی و دەرچوونی گۆڤاری تایبەت بە كاریكاتێر كە هەنگاوێكی نوێ بوو، پێشتر نەكراوە و بیری لێنەكراوەتەوە،دەكرێ هەردوو گۆڤاری (سیخورمە) و (مەلامەشهور) بە پێشەنگی ئەو بوارە دابنێین.
* چۆن دەڕوانیتە هونەری كاریكاتێر لە كوردستاندا هۆیەكانی پاشەگەردانی كاریكاتێر چین؟
– وەك وتم گۆڤارەكانی (سیخورمە و مەلامەشهور و دەهۆڵ تایمز, گەپ, تەنزوێنە هەموویان داخراون. ئێستاشی لەگەڵدا بێت راگەیاندن بەگشتی و رۆژنامەوانی كوردی بەتایبەتی زۆر كەمتەرخەمە و بێبایەخانە سەیری هونەری كاریكاتێر دەكەن, لەوانەیە هۆی سەرەكی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە راگەیاندن لە باشوری كوردستاندا راگەیاندنێكی حزبییە. زۆربەی ئەوانەی لە راگەیاندنەكانیش كاردەكەن كادیری حزبین، نەك كادیری پیشەگەر. هۆی دیكەش هەن كە هونەری كاریكاتیر لە كوردستاندا لە ئاستی ئاوات و پێویست نیە، لەپێش هەموویانەوە لەوانەیە هۆیە سیاسیەكان بن. ئاشكرایە بە نەبوونی ئازادی كە بە كۆڵەگەی پێشكەوتنی هونەری كاریكاتێری دادەنرێ (چونكە كاریكاتێر هونەرێكی رەخنەگرە) كاریكاتێر پێش ناكەوێ. دیاریشە كە كاریكاتێر بەبێ رۆژنامەگەریی مەودای بڵاوكردنەوەی زۆر بەرتەسك دەبێتەوە. بڵاوكردنەوە و كەوتنەبەرچاوی خوێنەران هاندەری سەرەكین بۆ پێشكەوتنی كاریكاتێر. هۆیەكی تر سەختی باری ژیان لە كوردستان بەگشتی، بۆنمونە كەس لە ئێمە ناتوانێ تەنها بە كاری كاریكاتێریستی بژێوی خۆی و خێزانەكەی دابین بكات، بەتەنها خەریكی ئەو هونەرە بێ و بەردەوام خەمخۆری بەرەوپێشبردنی هونەرەكەی بێ، بۆیە دەبێ كارێكی تر بكات بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەكەی دابین بكات. ئەمەش بەدڵنیاییەوە كارێكی زۆر نیگەتیڤی هەیە لەسەر پێشكەوتنی هونەری كاریكاتێر و پەیداكردنی بژێوی ژیان كاتێكی زۆر لە هونەرمەند دەكوژێ، و ماوەیەكی كەمی بۆ دەهێڵێتەوە و ئەویش پڕە لە ماندووبون و ئەندێشە و ئازاری مێشك، ئەمەش وایكردووە كە كاریكاتێریستی پرۆفیشناڵمان نەبێ كە هەموو كاتی خۆی بۆ ئەو هونەرە تەرخان بكات، هەموو ئەوانەی لەبواری هونەری كاریكاتێر كاردەكەن لەكوردستاندا (ئەوانەی لە دەرەوەش دەژین) كارێكی دیكە دەكەن بێجگە لە هونەر و كاریكاتێر و نەبوونی فێستیڤاڵی ساڵانە و بۆنەی تایبەت و پێشبڕكێ بۆ هونەرمەندانی كاریكاتێر، هەروەها هاوكاری نەكردنی كاریكاتێریستان بۆ سەفەركردن و بەشداریكردن لە خولی هونەری كاریكاتێریی لە دەرەوەی وڵات بۆ برەودان بە توانای خۆیان و هونەرەكەیان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی پێشكەوتوو و هاننەدان و رێزنەگرتنی مادی و مەعنەوی رۆژنامەكان بۆ كاریكاتێریستان هۆیەكی ترە، بۆ نمونە لە ئەزموونی خۆم زۆرێك لە رۆژنامەكانی خۆمان، كاتێك كاریكاتێرێكیان بۆ بڵاودەكردیەوە، بۆ خەرجكردنی پاداشتەكەی، یان دەیانگوت پارە و نەسریەمان نییە، یان پاداشتێكی وایان بۆ خەرجدەكردی كە بەشی خەرجی هاتوچۆی بردنی كاریكاتێرەكە بۆ بارەگای رۆژنامەكەی نەدەكرد!!
*چ جیاوازییەك هەیە لە نێوان كاریكاتێر و پۆرترێتدا؟
– بە شێوەیەكی گشتی هونەری پورترێت بریتییە لە وێناكردنی كەسایەتیەك لە ڕوانگە و دیدگای هونەرمەندەكە,لە رێی پێشكەشكردنی روخسار و دەموچاوی ئەو كەسە, جا چ تابلۆ بێت یان وێنەیەكی فۆتۆگرافی یان پەیكەرسازیی یان كاریكاتێریی بێت, ئامانجیش تێیدا وەدەرخستنی روخساری كەسەكەیە بەدەربڕینەكانیەوە, بە هەر ستایلێكی هونەری شێوەكاری بێت, بەڵام لەكاریكاتێردا بەستایلێكی تایبەت و جیاواز دەكرێت, ئەویش بە وەدەرخستن و زەقكردنەوەی نیشانە دیارەكانی ئەو روخسارە و بە زێدەڕۆییەوە لە كێشانی روخساری ئەو دەموچاوە,بە مەرجێك دەبێت لە ئاكامدا لە روخساری كەسەكە بچێت, نەك هەر روخسار شێواندن بێت.
*بەشداریتان كردووە لە پێشانگای كاریكاتێریی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات؟ خەڵاتتان وەرگرتووە؟
– لەبواری كاریكاتێر لە ساڵی 1986 ـەوە تا ئێستا (5) پێشانگای كاریكاتێریی تایبەتم كردۆتەوە. ئەوەی یاداشتم كردبێت و لەبیریشم مابێت لە (22) پێشانگای هاوبەش لە ناوەوەی كوردستان و عیراقدا بەشداریم كردووە. لە (103) فێستیڤاڵ و پێشانگای هاوبەشی كاریكاتێریی جیهانیش لە دەرەوە بەشداریم كردووە. چەندین خەڵاتی شەڕەفی و رێزلێنانیشم وەرگرتووە. بەمدواییانەش لە فێستیڤاڵێك لە كرواتیا خەڵاتی یەكەمم وەرگرت.
* پێتان وایە ئەم هونەرە ڕۆڵی خۆی بینیوە لە هۆشیاركردنەوە كۆمەڵگا؟
– لەبەرئەوەی هونەری كاریكاتێر هونەری رۆح سوك و خۆشەویستە لای خەڵكەوە،لە كۆمەڵگاكانی دەرەوە بەتایبەتی دیموكرات و پێشكەوتووان، بەڵێ رۆڵی خۆی بینیوە، تا ئەو رادەیەی كە بەرپرسان لە كاریكاتێر دەترسن، بەڵام لە كۆمەڵگای خۆمانەوە، كاریكاتێر رۆڵی بینیوە، بەڵام بە رادەیەكی كەمتر، لەبەر چەندین هۆ كە پێشتر باسمان كرد، ئێستا ئەو مەودایەی كە لەبەردەم كاریكاتێریستان و كارتۆنیستان ماوە، لاپەڕەكانی ئینتەرنێتە.
* كاریكاتێریستان تا چەند توانیویانە لە رێگای هونەری كاریكاتێر رەخنە لە دەسەڵات و بوارەكانی تری ژیان بگرن؟
– هونەری كارتۆن بە تایبەتی كارتۆنی سیاسی، هونەرێكی رەخنەگرە و جەماوەری بەرفراوانیشی هەیە. لە سەرتانسەری جیهاندا، كارتۆنی سیاسی هونەری پێداهەڵگوتن نییە، بەڵكو رەخنە لە كەسایەتی نەرێنی و دیاردە دزێوەكان دەگرێت، بەهیوای بنبڕكردنیان و پێشكەوتنی كۆمەڵگا، لەكۆمەڵگای خۆشمان لەبەر كەمی ژمارەی هونەرمەندانی ئەو هونەرە و نەبوونی مەودای بڵاوكردنەوەی كارەكانیان، ئەو مەودا و بوارە كەمبۆتەوە بەرتەسكە، بەڵام بەو ژمارە كەمەشیانەوە و بە هەوڵی تاكەكەسی خۆیانەوە توانیویانە تا رادەیەكی باش رۆڵی خۆیان ببینن و ئەركی سەر شانی خۆیان بەجێبەگەیەنن.
* ئامادەبوون و پێشوازی جەماوەر لە پێشانگاكان چۆن دەبینی؟
– ئامادەبوون و پێشوازی جەماوەر نەك لە بواری كاریكاتێر و كارتۆن، بەڵكو لە هەموو بوارەكانی هونەر، شانۆ و سینەما و شێوەكاری، لە ئاستی خواست و ماندووبوون نییە، وەكو پێویست نییە، ئەگەر نەڵێم زۆر كەمە، ئەمیش چەندین هۆ و هۆكاری گشتی و تایبەتی هەیە.
* رۆژنامەوانی كاریكاتێریست لەگەڵ كاریكاتێریستێكی ئاسایی جیاوازیان هەیە؟
– كاریكاتێریستی ئاسایی، ئەو هونەرمەندەیە كە كاری خۆی دەكات، هەر كە مەودای هەبوو، كارەكانی لە ئەلبومێك یان پێشانگایەك بڵاودەكاتەوە، بەڵام كاریكاتێریستی رۆژنامەوان، ئەو هونەرمەند و رۆژنامەوانەیە، كە بەردەوام لە خەمی بڵاوكردنەوەی كارەكانیدایە لە رۆژنامە و گۆڤار و بڵاكراوەكاندا، بەتایبەتی ئەو كارانەی كە پەیوەستن بە رووداوی سەردەم و رۆژانە و ژیانی خەڵكەوە.
* بەڕێزتان لە بواری نووسینیشدا جێپەنچەتان دیارە, ئایا ئەمە دەبێتە هاوكارتان لە هونەری كاریكاتێردا؟
– بە شێوەیەكی گشتی نەخێر هاوكارم نین لە كاریكاتێر، چونكە نووسینیش كات و ماندووبوونی خۆی دەوێت، كە ئەمیش لە كاتی هونەری كاریكاتێر و كارتۆن دەگرێت، بەڵام ئەو نووسینانەی كە تایبەتن بە بواری كاریكاتێر، زیاتر بۆ ناسین و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیرییە لە نێو كۆمەڵگادا. سەبارەت بە هونەری كاریكاتێر بەهەموو جۆر و شێوازەكانیەوە كە ئەمیش دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی هونەری كاریكاتێر بە شێوەیەكی گشتی لە كوردستاندا.
* لەكۆتایدا دەپرسم پەیوەندی نێوان تۆ و هونەرمەندی گەورە (رەسوڵ بێزار گەردی) چییە, لەكاتێكدا ئەو گەردی و تۆش خۆشناویت؟
– هونەرمەند رەسوڵ بێزار گەردی یادی بەخێربێت باپیرەمە, باوكی دایكمە و من كچەزای ئەوم, من دایكم گەردییە و باوكیشم خۆشناوە.










