زێنەب یووسفی
لەو رۆژەوە کە “سەید ئەحسەن” نیان هێنایەوە بێ ئێختیار هەندێ هەڵسووکەوتی سەیر و سەمەرەم لێ دەوەشێتەوە. سەرەتا کە سەید ئەحسەنیان برد شێت نەبوو بەڵام بە شێتی گەڕاندیانەوە و ئەمنیش پێش لە گەڕانەوەی ئەو زۆر ئاسایی هەڵسووکەوتم دەکرد بەڵام ماوەیەکە خۆمیش سەرم لەو هەڵسووکەوتانەم سووڕ دەمێنیت. بۆ نموونە دوێنێ بەرانبەر بە ئاوێنەکەم ڕاوەستام و بە ئارامی قامکم خستە سەر مەودای دوو برۆم لە ئاوێنەکەدا و بە نەرمی کونێکم تێدا درووست کرد. پاشان چاوی راستم خستە سەر کونەکە و لەوێیەوە سەیری ژووری سەرهەنگم کرد لە مێشکمدا….نا نا هیچ سیحرێک لەکاردا نییە. من هەر کاتێک بمهەوێت لە ڕاستییەکان تێبگەم کونێک لەسەر تەوێڵم هەڵبەت بەرانبەر بە ئاوێنەکە و لە ڕێی ئاوێنەکەوە، لە مەودای دوو ئەبروومدا درووست دەکەم و چاوی ڕاستم دەخەمە سەری و لەوێیەوە سەیری ڕاستییەکان دەکەم. ئەمجارەش وامکرد کە کردم..
سەرهەنگ روو لە سەربازە قۆزەکە گوتی: ”دەزانم خۆت داوە لە کەڕی هەتیوە”….. زللەیەکی دا بەنێو دەمیدا و خوێنی لە زاری داپژاندە دەرەوە. چەناگەی سەربازە بەستزمانەکە خوێنین هەڵگەڕا و سیمای جوانی برینی تێکەوت. گوروبانەکەش لەوێدا راوەستا بوو، رێک لە لای شانی کوڕە سەربازەکەوە. ئەویش روو لە سەربازە قۆزەکە هەڵگەڕایەوە و گوتی : ”گەورەم ئەگەر ئەم گەمژە گوێمان بۆ شل بکات و تۆزە میکیاجێکمان بۆ بکات بڕوا بکەن بە قازانجییەتی… تەنیا یەک تۆز سووراو” …. و قاقای کێشا. سەرهەنگ دەستی هێنایە پێش دەمە خوێنینەکەی سەربازەکە و پلێکی بۆ تەقاند و گوتی : ”ئەللە کە جوانی خۆ”… دای لە قاقای پێکەنین.
بە تووڕەییەوە چاوم لە سەر ئەو کونە کە لە ئاوێنەکەدا کردبوومەوە، لابرد. ئااای سەرهەنگ …. چەندە ناپیاو بووی تۆ….. بڕوام نەدەکرد ئەو کابرایە ئاوا بێ ئەخلاق بێت، ئاوێنەکەم درۆزن نییە هیچکات.. هیچکات درۆم لەگەڵدا ناکات…..
ناچار بووم هەمدیسان بگەڕێمەوە بۆ بەرانبەر ئاوێنەکەم و قامک بخەمەوە سەر مەودای دوو برۆم لە ئاوێنەکەدا و کونێکی دیکەی تێدا بکەمەوە:
بە وتەکەی گوربانەکە و جەنابی سەرهەنگ سەربازە جوان و باڵا بەرزەکە سوور هەڵگەڕا و بە تووڕەیەوە بۆ گوروبان و پاشان سەرهەنگ و هەمدیسان گوروبان و بۆ سەرهەنگ ڕوانی. سەرهەنگ پلی تەقاندەوە : ”جوانی، جوان… تەنیا یەک تۆز سووراو بابە”…. گوروبانەکە قاقای کێشا و دەستی بۆ خۆی برد. سەربازە جوانەکە بە ڕقەوە سەیری سەرهەنگ و پاشان گوروبانەکەی کردەوە لە ئەم بۆ ئەو لە ئەو بۆ ئەمیان دەیڕوانی. گوروبان گوتی: ”ئااا چییە، دەی وەرە پێش دەی وەرە دەی وەرە” … سەرهەنگ بەرزتر قاقای دەکیشا و بە شەهوەتەوە دای بە سەر رانی خۆیدا. سەربازەکە لە ژێر لێویەوە چپاندی: ”مەگەر من زبڵخۆرم سەگ باب.”
هەر کە سەربازەکە ئەوەی گوت خێرا سەرهەنگ دای بە نێو دەمیدا و ئاماژەی لە گوروبانەکەش کرد. پێکەوە لێی بەر بوون ئەوەندەیان لێ دا کە سەربازە قۆزەکە خۆی پێ ڕانەگیردرا و ئەویش لەوان بەر بوو بەڵام لە ئان و ساتێکدا سەرهەنگ خۆی گەیاندە تەنیشتی دەرگاکە و بە توندی لە دەرگای کوتا و خێرا دوو گوروبانی زەبەلاح خۆیان کردە ژوورەوە و بێدەنگ لە سەربازە جوانکیلەکە بەر بوون و دەستیان کردە لێدانی. ناکاو سەربازەکە داکوترایە سەر مووزاییکەکان و تەققە لەژێر سەریەوە بەرزەو بوو. سەربازەکە بوورایەوە وخوێن لە ژێر سەری بەربووەوە سەر موزاییکەکان. لەو حاڵەشدا سەرهەنگ وازی نەدەهێنا و بە تووکە شەق لێی دەدا و کفری دەکرد.
کەس ئاگای لێ نەبوو من لەو کونەوە کە لە مەودای دوو ئەبرووم، لەنێوان ئاوێنە قەدییەکەمدا درووستم کرد بوو سەیریان دەکەم، سەیری سەرهەنگم دەکرد کە چۆناوچۆن لەو سەربازە جوانەی دەکوتا و خوڵپانی خوێنی کردبوو.
ماوەیەکە هەستم کردووە کە سەرهەنگ تەواو خوێنڕێژ و ناپاکە و بەڕاست نییە لەگەڵمدا، بەس تاکوو بە هەر دوو چاوی خۆم ئەویش لەڕێی ئاوێنە قەدییەکەمەوە نەمبینی بڕوام پێ نەکرد بوو. ئێستا ئیدی تێگەیشتووم… جوان تێگەیشتووم……
سەید ئەحسەن وا نەبوو بەڵام بە شێتی گەڕایەوە نێوان گەڕەک …. ئەمنیش دەمێکە هەڵسووکەوتەکانم گۆڕدراون….. هەست دەکەم سەرهەنگ ئیدی خوێنڕێژ دەرچووە بەلامەوە …. ئیدی تەواو… ئیدی سەید ئەحسەن ئیدی …. هەی بە ڵەعنەت بیت سەرهەنگ.









