خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- شاعیرو نووسەر ئامانج قادر ساڵح ناسراو بە ئامانج ژاژڵەیی ساڵی ١٩٦٩ لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی خوێندووە، دواتر ساڵی ١٩٨٧ بۆ خوێندنی فەلسەفە دەچێتە كۆلیژی ئادابی زانكۆی بەغدا. لە قۆناغی سێیەمی زانكۆ لەبەر بارودۆخی سیاسی بەغدا بەجێدەهێڵێ و دەگەڕیتەوە شاری سلێمانی. ئامانج ژاژلەیی، ساڵی ١٩٨٨ یەكەمین نامیلكە شیعری خۆی بەناوی (ژوانی بولبول) چاپ دەكات و ساڵی ١٩٨٩ نامیلكەیەكی تر بە ناوی (ماچ) و ساڵی ١٩٩٠ نامیلكە شیعری (كفنێكی خۆڕسك) چاپدەكات. شاعیر ساڵی ١٩٩١ بە هاوكاری چەند نووسەرێك (گۆڤاری ئەزمڕ) و دواتر (گۆڤاری مژدە) دەردەكات و لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ د. ئاراس عەبدولكەریم (دەزگای رۆژنامەنووسیی بابان) دامەزراند و بووە بەرپرسی یەكەمی یەكەمین ڕۆژنامەی هەفتانەی سەربەخۆ لە دوای ڕاپەرین لە هەرێمی كوردستان. ساڵی ١٩٩٤ بووە سەرنووسەری (گۆڤاری سەنگەر) و ساڵی ١٩٩٥ (گۆڤاری ئەزموون) ی دەركرد. ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ مامۆستا حەكیم مەلا ساڵح بەشی كوردیی (ڕۆژنامەی ئاویەر ) بەڕێوە برد و ساڵی ١٩٩٩ش لە ڕۆژنامەی برایەتی و دواتر خەبات دەسبەكار بوو. لەساڵی ٢٠٠٧ كۆمەڵە شیعری (سەفەری عیشق) و ساڵی ٢٠٠٩ نامیلكە شیعری (بەهەشتی دڵ) و ساڵی ٢٠١٨ نامیلكە شیعری (ساباتی عیشق) ی بڵاوكردەوە. لە دەیان ڕۆژنامەو گۆفاری عەرەبی و كوردی پێش و پاش ڕاپەڕین بەرهەمی شیعری و ئەدەبی و سیاسی بڵاوكردۆتەوەو چەندین كۆڕو سیمیناری بۆ سازكراوە. ساڵی ٢٠٢٠ بەرگی یەكەمی ( تەفسیری ئاوێنە) و ساڵی ٢٠٢١بەرگی دووەمی (هەمان تەفسیر) و كتێبێكی تر بە ناونیشانی (عەرشی خودا) چاپكرد. ئێستاش لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و سەرقاڵی نووسینی بەرگەكانی تری (تەفسیری ئاوێنەی قورئانە).

* پێناسەت بۆ شیعر و شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
ـ شیعر ئەو زمانە تایبەتەیە كە دەتوانێ نێوانی ڕووحی مرۆڤ و هەرچی لەدەوروبەری ماددی و مەعنەوی ئەودایە درووستبكات، زمانی حاڵی ئەو جیهانەیە كە لە غەیری خۆی هیچ جیهان و دنیایەكی تر جێگەی وێناكردن و تێگەیشتنی شتەكانی تێدا نابێتەوە، بە ڕاستی لەلای من شیعر ئەمانەو هەندێكی تریشە كە ڕەنگە نەتوانم وەك ئەوەی لێی حاڵی بووم و پێی ئاشنابووم بیدركێنم.
* سەرەتا كەهاتیتە نێو دنیای نووسین، بۆ شیعرت هەڵبژارد؟
ـ هەر لەمناڵییەوە خولیای بیستن و خوێندنەوەی شیعر بووم، وردە وردەش كە پەیوەندی نێوان من و شیعر بەهێز بوو جۆرێ لە هۆگریم بۆی پەیدابوو كە خێزان و قوتابخانەو دەوروبەریشم هەستیان پێی دەكرد و جاروبار بۆ خۆشی یان هەر بە ڕاستییان بووبێ پێیان دەوتم شیعرێكمان بۆ بڵێ، لە قۆناغی سەرەتایی زۆرێك لە شیعری شاعیران و دەتوانم بڵێم هەندێك دیوانە شیعری كلاسیكیشم لەبەربوون، ئیدی كاتێك بەخۆم زانی خەریكە شیعرۆكەو میعرۆكە دەنووسم، ئاوها كەشتی ژیانی فەرهەنگیم بەرەو قووڵایی دەریای شیعروە ڕێكەوت.
* مێژووی نووسینی شیعری كوردی بۆچی سەردەمێك دەگەڕێتەوە و ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
ــ بە گشتی مێژووی شیعری كوردی وەك قوتابخانە و هەبوونی سەرەتایەكی ڕوون كە ئیتر لەوێوە شیعری كوردی بووە ئەرشیفێكی پارێزراوی ئەدەبی كلاسیكیمان لە ڕۆژئاوا (خانی) یەو لە دەڤەری كرمانجی خوارووش (نالی) یە ، پێش ئەوان شیعری كوردیش هەبووبن نەبوونەتە دەسپێكی قۆناغی ئەدەبی نەتەوەیی یان لانی كەم بەڵگەی ئەوە بەردەست نییە دەنا حەتمەن پێش ئەوەو لە مێژووی كۆنماندا و لە شێوەزاری دیكەدا شیعر هەبووە. شیعری كوردی لە ئێستادا لە قەیراندایە، دەتوانم بڵێم بێسەروبەرییەك بە حاڵ و بارودۆخی ئەدەبی بە گشتی لە گۆڕێدایە ، نازانم تەكنەلۆژیاو عەولەمە بۆ ئێمە وا شكایەوە یان بارودۆخی سیاسی وایكرد ، یان ڕەنگە هۆی بابەتی دیكە هەبن كە ڕەخنەگران زیاتر دەتوانن پەردەی لەسەر هەڵماڵن، بەڵام وەك وتم لە ئاقار ئەم گەوهەرەدا وڵاتی گەوهەرستانی ئێمە بە بەراورد لەگەڵ سەدەی پێشوو لە ئێستادا بووەتە چۆڵگەو قاقڕی وشك و بێخێر.
* شیعربۆ كێ دەنووسیت و ئامانجت چییە لە نووسیندا ؟
ــ شیعر بۆ كەس نانووسم، شیعر دەربڕینێكی بوركانیی ناخی خۆمە كە تا لە نووسینی دەبمەوە نازانم بۆ نووسیم، بەڵام كە لە نووسینی تەواو دەبم ئەوجا بۆ ئەوانەی بڵاودەكەمەوە كە لە جیهانی شیعردا پاسپۆرتی نیشتمانی ئەوینیان هەیە.
* شیعرت بۆ ژن نووسیوە؟
ــ بەڵێ شیعرم بۆ ژن نووسیوە، ئاخر ژن دایكە، خوشكە ، كچە، یارەو كۆمەڵێك ناونیشانی تری مرۆیی هەڵگرتووە، ئاخۆ دەبێ لە شیعردا ژن لەیاد بكەین، جا خۆ ئەوە ئیتر لەیادكردنی ژیانە.
* ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا ؟
ــ بێگومان ، ڕۆژانە دەبێ بخوێنمەوە، جا ئەگەر ئەوە نەبێ چیبكەم.
* كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە نووسیندا؟
ـ هاندەری سەرەكیی من بۆ نووسینی شیعر عاریفانی كورد و ئەو مەدرەسە جوانەیە كە پێی ئەوترێ عیشق، بابی ڕەحمەتیشم كە خۆی ئەدەبدۆست و ڕۆشنبیرێكی باش بوو هانیدەدام، ئەو لە ساڵی حەفتادا لەگەڵ مامۆستا عەزیم ماوەتی كتێبی باخچەی شاعیرانی نووسی كە كۆكردنەوەی ژیانی شاعیرانی كوردو بڵاوكردنەوەی نموونەیەك لە شیعری هەر یەكێكیان بوو
* بەرهەمە چاپكراوەكانت ؟
ـ پێنج كۆمەڵە شیعرو سێ بەرهەمی فیكری و دوو بەرگ لە تەفسیری قورئانی پیرۆزم تا ئێستا چاپ بووە كە ئەگەر تەمەن باقی بێ ڕەنگە تا هەموو تەفسیری قورئان تەواو دەكەم دەیان بەرگی تری بەدوادا چاپ ببن
* پیرۆزیی خاكی نیشتیمان و گەورەیی پێشمەرگەو شەهیدان لە كوێی
شیعرەكانی تۆدان؟
ــ ئەو بابەتە خەریك بوو جارێك سەرم بە با بدات، وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارە وەڵامی پرسیارێكە كە لە سەردەمی بەعسدا لە هۆڵی ئیدریسی كۆلیژی ئادابی زانكۆی بەغدا لێمكرا بەوەی بۆچی شیعری دڵداری كەم دەنووسم و زۆرتر سۆزی نەتەوایەتی بەسەر شیعرەكانمدا زاڵە، ئەوكات نازانم هۆی كەمی تەمەن و ئەزموونم بوو یان ڕق و داخی زوڵمی ڕژێمی سەدام كە بوێرانە یان با بڵێم بێباكانە ئاوها وەڵاممدایەوە: تا پیرەمەگروون بە پێوە بێ شیعر بۆ نیشتمانەكەم دەنووسم.
* ڕەنگدانەوەو كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچ و جێهێشتنی نیشتیمان لەشیعرو نووسینەكانتدا؟
ـ بەڵێ زۆریش، ژمارەیەكی باش لە شیعرەكانم بۆ كۆچی ئازیزان و غەریبی و دوورە وڵاتی وتووە
* ڕات چییە لەگەڵ ئەو زۆرو بۆریەی شیعر؟
ـ وتم خۆ، ئەوە بەشێكە لەو قەیرانەی پێشتر ئاماژەم پێدا، لەگەڵ ئەوەی كاریگەرییە دەرەكییەكان ڕۆڵیان لەو دیاردەیەدا هەیە، نەبوونی ناوەندێكی چاودێری و پێداچوونەوەی بواری ئەدەبی بە بڵاوكردنەوەكاندا ئەو فەوزایەی خۆڵقاندووە ، ئێستا كە ئینتەرنێت هەیەو هەر كەس خاوەنی ئەكاونتی خۆیەتی و تیایدا چی دەڵێ ئازادە بەهەرحاڵ ، خۆ بە درێژایی سەردەمەكانی تریش ماعیرو شایەر سەد هێندەی ژمارەی ڕاستەقینەی شاعیران بوون، بەڵام بڵاوكردنەوەی ئەو نەزم و دەستەواژانە بەناوی شیعرەوە لە پێگەو بڵاوكراوەو میدیای گشتیدا كارەساتە كە ئەمە ئیدی چەقی كێشەكەیە و پێشموانییە بەو ئاسانیە چارەسەر بكرێ.
* ڕەخنەو ڕەخنەگری باش لە شیعری كوردیدا دەبینرێ‌؟
ـ ئەگەر بە جورئەتەوە قسە بكەم نەخێر، بەداخەوە من لە وڵاتی خۆماندا قوتابخانەی ڕەخنەیی نابینم، هەندێك سەرنجی ڕەخنەیی و نووسینی باش هەن ، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ گەل و نیشتمانێك كە هەزار هێندە بەرهەمی شیعری هەیە ، لێكۆڵینەوە ئەدەبییەكانی ئێستاو كۆتاییەكانی سەدەی ڕابردووش لەسەر شیعری كوردی و شاعیرە گەورەكانمان هێشتا كرچ كاڵن و یەكجار دوورن لە مەغزاو ناوەرۆكی چەمك و واتاو حاڵی ئینشائیی شیعری شاعیرانی كورد بەتایبەتی لە عاریف و سۆفییەكانی وەك (مەولەوی و مەحوی و نالی) یەوە كە ریزبەندی ئەم ناوانە لەم وەڵامەمدا پەیوەندی بە ئاستی زەقی ئاماژەی عیرفانی و تەسەوفی نێو ناوەرۆكی شیعری ئەو زاتانەوە هەیە.
* ڕاتان چییە لەگەڵ قەڵەمی ژن و پیاو؟
ـ بە بەراورد لەگەڵ مێژووی ئەدەبیاتی ئێمە قەڵەمی ژنی كورد ئێستا ئامادەبوونێكی باشتری هەیە، بەڵام هێشتا زۆر لاسەنگە ، لاسەنگە لە ڕووی فۆرم و ناوەرۆك و بابەتگەراییشەوە.
* پێتانوانییە كە نەبوونی سانسۆر لە بڵاوكردنەوەو چاپكردنی كتێبدا ئەو كرچ و كاڵیەی لەشیعر و ئەدەبدا دروستكردووە؟
ـ بەڵێ لایەنێكی كیشەكە ئەوەیە، وەك لە وەڵامی پرسیارێكی پێشوودا ئاماژەم پێدا.
* كەمی یان دەتوانین بڵێین نەبوونی (بەرنامەی ئەدەب و ڕۆشنبیری) لە میدیاو كەناڵە تەلەفزیۆنیەكاندا بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
ـ بۆ دوو خاڵ، یەكەم پاشەكشەی نەوعیی بوارە ئەدەبییەكە و كەمی حوزووری كاریگەرییانەی لە گۆڕەپانە مەعریفییەكەدا، دووەم فەوزای ڕاگەیاندن و میدیا كە ئەویش وایكردووە كادیر و چالاكوانی ئیعلامی لاواز بێنە مەیدان و بەرنامە زۆرو بۆرەكان تەنها بە بابەتی ئانی و تەرفیهی پڕ بكرێنەوە.
* شیعر بە واتا گشتیەكەی سوودی لە سوڕەت و ئایەتە پیرۆزەكانی قوڕئانی پیرۆز وەرگرتووە؟
ـ شیعری ڕۆژهەڵاتی بە فارس و عەرەب و تورك و كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئەم ناوچەیەوە نەك هەر سوودی لە قورئان و بەها ئاینییە كانی ئیسلام وەرگرتووە بەڵكو بەشی هەرە زۆری خوڵقاوی بیروبڕواو مەدرەسە عەقائیدی و كەلامییەكانی ئیسلامە بە تایبەتی لە بواری عیرفانی ئیسلامیدا كە دنیایەك خزمەتی بە ئەرشیفی ئەدەبی گەلان و مرۆڤایەتی كردووە
* ڕات چییە بەرامبەر شیعرو شاعیرانی ئەمڕۆ؟
ـ شیعرو شاعیرانی ئەمڕۆ .. كە شیاوی قسەلەسەركردن بن، زۆر كەمن، هەن، هی باش هەن، بەڵام وەك ژمارە كەمن كە ڕەنگە نەتوانن وەك ناسنامەو پێناسە بۆ قۆناغەكە باری لاری ئێستای شیعر ڕاست بكەنەوە.
* ڕات چییە لەسەر شیعری تەسەوف و بەڕێزتان شیعری موناجات و تەسەوفتان نووسیوە؟
ـ سێ كۆمەڵە شیعری دواییم لەسەدا هەشتاو بگرە زۆرتری لەو بوارەدایە، ئاخر پەیوەندی نێوان تەسەوف و شیعر پەیوەندییەكی سەرەتایی و خۆڕسكە، ئەهلی تەسەوف شیعر نانووسن تا ببنە شاعیر، ئەوان كانیاوی حەقیقەتی ناخ و كارێزی عیشقی دڵیان دەتەقێ و كەمێكی لە ڕێی دەربڕینەوە وەك شەپۆلی دەنگی و ڕەنگدانەوەی نووسین بە دەوروبەریان دەگات كە دواتر پێیدەوترێ شیعر
* لەنووسینی شیعر پەشیمان نیت؟
ـ هەرگیز، ئاخر دەبێ لە كوێی دەربڕینی ناخ و شەرحی حاڵی عیشقدا مانایەك بۆ پەشیمانی هەبێ؟
* پێناسە بۆ هەریەك لەوانە:
ــ كوردستان : كوردستان مەڵبەندی وجودی هاتن و ڕۆیشتن و دووبارە ژیانەوەمە.
ــ مەلامستەفای بارزانی: مەلا مستەفای بارزانی كاریزماو ڕەمزی نەتەوەیە.
ــ مەحوی: مەحوی گەنجینەیەكە لە دوڕو یاقووتی عیشق و سەفای عیرفانی كە هێشتا و هێشتاش دەرنەهێنراوە.
ــ مەلاخدری شارەزووری: مەلاخدری شارەزووری (نالی) ناسنامەی فیكرو ئەدەب و تاجی سەری ئوممەتی فازیلە.
ــ مەولانا: ئەی بابە گیان كە گەورەیە.
ــ ژاژڵە: وەك هەموو شوێن و گوندێكی تری كوردستان ئازیزە.
ــ ژن: ئەو جۆرەیە لە مرۆڤ كە وەك (ئاو) وایە نەرم و نیان و میهرەبان بە لەگەڵی ئەتكاتە تاج و لەسەرت دەنێ، ڕەق و بێبەزەیی بە بەرامبەری دەتخنكێنێ ، ئاوها دەبیتە مەلەوانی ژیانی، خاتوونەكان كە زۆر حەزیان لە بیستنی قسەی پیاوە دەهێنێ ئاوها زۆرتر لە باسیاندا بدوێم.
* چ شیعرێكی خۆت زۆر بەلاوە خۆشەویست و پەسندە ؟
ــ سەفەری عیشق و پێنج خشتەكییەكیش لەسەر شیعرێكی ویژدانی كە ساڵێكە نووسیومە .
* پڕۆژەی داهاتووتان؟
ـ تەواوكردنی تەفسیری (ئاوێنەی قورئان)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەوەش دوو پارچە شیعری شاعیر :::::::::

من بارزانیم و دێمەوە
هەر هەمووتان گوێ ڕادێرن
من بارزانیم و دێمەوە
ئەمجارەیان
گوڵی ئاڵی شارەزووری
حەبییەكەی (نالی) م پێیەو
لە سەر تەوقی رووحی سپی (خانی) م ناوە
بە دەستی ڕاست
شاڵی سەوزی مەرقەدەكەی كاك ئەحمەد و
خانەقای (مەحوی)م هێناوە
بە دەستەكەی تریشم خۆر
خۆری زەردی هەناوی منارەو قەڵا
ئەم چوار ڕەنگە
ئەم پریاسكە پڕ دیارییە
وەك جوانترین ڕەنگ و كاڵا
پێشكەشتان بێ‌
بۆ جوگرافیای كوردستان و
بۆ سیمای پیرۆزی ئاڵا
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

گەڕان
كوانێ گڕی
عیشقێكی شێت و سەرەڕۆ
تا بە ئەندێشەی مەستانە
بە چاویلكەی شووشەی دڵت
هەموو دنیا بكا بە تۆ
*****
كوا ئەو كەسەی
لەنێو ئەم گەندەڵستانە
دەستی بگرم
دەستم بگرێ
بمباتە ناو ئەو جیهانەی
هەموو ساتێ
خەمێ بمرێ
*****
لە كوێیە گوڵ
كە تۆ تاقە گوڵستانی
ئەم دنیایەی
كامەیە بزەو پێكەنین
كە بێجگە لەسەر لێوانت
ڕێ بە بوونی خەندە نایەی
لەو ڕۆژەوەی تیشكی نیگات
لە تەلیسمی چاوم ئەیەی
وا هەست ئەكەم
یان من كوێرم
یان هەر خۆت تاقە ئەستێرەی
ئەم كائینات و فەزایەی!
***
عینوان فرعی
– تا پیرەمەگروون بە پێوە بێ شیعر بۆ نیشتمانەكەم دەنووسم
ــ شیعر، زمانی حاڵی ئەو جیهانەیە كە لە غەیری خۆی هیچ جیهان و دنیایەكی تر جێگەی وێناكردن و تێگەیشتنی شتەكانی تێدا نابێتەوە.
ـ شیعرو شاعیرانی ئەمڕۆ، ڕەنگە نەتوانن وەك ناسنامەو پێناسە بۆ قۆناغەكە باری لاری ئێستای شیعر ڕاست بكەنەوە