سەلام عەبدوڵڵا
دوو رۆژ لەمەوبەر یادی 124 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی کرایەوە و باسی ئەوە کرا، کە گەلی ئێمەش لەو بوارەدا، لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوانەکەوتووە و یەکەمین رۆژنامەی خۆی لە 22/4/1898 لە شاری قاهیرە، پایتەختی میسر، بڵاو کردۆتەوە بە ناوی (کوردستان) و وەک ئامرازێکی گرنگی خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەمان خستوویەتیە مەیدانەوە، کە بۆ هۆشیار کردنەوەی گەلەکەمان و خزمەتی نەتەوەیی و سیاسی و رۆشنبیری و پاراستنی شوناس و زمان و کلتووری کوردی بووە، وەک میقدادی بەدرخان لە وتارێکیدا دەڵێت:
” ئەم رۆژنامەیەم ناو ناوە کوردستان و تێیدا زانست و هۆشیاری بۆ مرۆڤی کورد بڵاو دەکەینەوە، تا بزانێ شەڕ و شوڕەکان لە کوێ روودەدەن و وڵاتە زلهێزەکان چ نەخشەیەکیان هەیە؟”
رۆژنامەگەریی کوردی وەک ئامرازێکی خەبات، هاتە کایەوە و گەر سەیری ناوی رۆژنامە کوردییەکانی ئەو سەرەتایە بکەین، هەر هەمووی ئامانجی سەرەکی دۆزی کورد و ئامانجەکانی لە رزگاری و داهاتوویەکی گەش بۆ گەلەکەی بووە.
سەیری ئەم ناوە جوانانەی کە بە مەبەست بوو، وەکوو: ڕۆژا کورد، پێشکەوتن، رۆژی کوردستان، بانگی کوردستان، بانگی حەق، ئومێدی ئیستیقلال. دیاری کوردستان، ژیانەوە و وەژین و هتد…
رۆژنامەگەریی کوردی بەو ئامانجە پیرۆزەوە سەریهەڵدا، کە رۆژنامەگەریی بخاتە خزمەت دۆزی رەوای گەلی کورد و پشتیوانی بۆ پەیدا بکات و تەبایی و یەکڕیزی بۆ گەیشتن بە ئامانج بکاتە دروشمی سەرەکی و خەباتی بێ وچانی بۆ بکات.
گەر ئەمڕۆ چاوێک بەو رۆژنامە دێرینانەدا بخشێنینەوە، ئەوسا دەزانین جیاوازی کاری رۆژنامەگەریی لەگەڵ ئێستادا چۆن بووە و ئێستا بەرەو کوێ دەچێت.
ئەوسا ئامانجی سەرەکی، داکۆکی لە گەل و ئامانجەکانی بووە، ئەگەرچی رۆژنامەکان
لە زرووف و ساتەوەختی زۆر نالەباریشدا دەرچووبێت، هەر هێڵی نیشتمانی خۆی ون نەکردووە و شێلگیرانە پەیڕەوی کردووە، بۆیە زۆرجار نووسەران و بەرپرسانی تووشی دەردیسەری و زیندان هاتوون، کە زۆر جاریش رۆژنامەکانیان قەدەغە و داخراون.
ئێستا، بەتایبەتی دوای راپەڕین، کە وا بۆ 31 ساڵ دەچێت رۆژنامەگەلێکی زۆر و بۆر و دەیان گۆڤار و نامیلکە دەردەچێت، بەڵام لە باتی ئەوەی ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە لە خزمەتی دۆزی رەوای گەل و هەرێمەکەمان و دەستکەوتەکانی و رەنگدانەوەی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان و قوربانیدانی بێت، سەیر دەکەین زۆرێک لەو رۆژنامە و گۆڤارانە و – لەمەودواش سایتی ئەلەکترۆنی- بۆتە سەکۆیەکی واڵا بۆ هێرش بۆ سەر هەرێم و دەستکەوتەکانی و بێ بەهاکردنی خەبات و تێکۆشان و ساردکردنەوە و بێ هیوا کردنی جەماوەر و چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی، بۆتە ئامانجی سەرەکیی ئەو بڵاوکراوانە، کاتێکیش سەرزەنشتیان دەکەیت و رێگەی راست و دروستیان نیشان دەدەیت، ئەوان دەیخەنە قاڵبی سانسۆر و چوارچێوەدارکردنی ئازادیی رۆژنامەگەری.
ئەوانە رۆژنامەی ئازاد و لاپەڕەکانی بە سەکۆیەک بۆ داڕووخان و بێ هیواکردن و ساردکردنەوەی جەماوەر دەبینن، نەک بۆ گۆشکردنی بە بیروڕای نیشتمانپەروەری و بنیاتسازی. سەیر ئەوانە بە کون و کەلەبەری جیهاندا دەگەڕێن، تا کەسێک بدۆزنەوە دژایەتی هەرێم و دەستکەوتەکانی بکات. بۆ هەواڵێک دەگەڕێن مەبەستی لێدانی هەرێم بێت و بە دوای کەسانێکی داخ لە دڵ و دوژمنی کورد عەوداڵن چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەن و ژەهری دژە کوردی پێ بڕێژن.
ئەمە جگە لەو زمانە بازاڕییە و ئەو زمانە زبر و چەوتەی پێی دەنووسن.
لە کۆتاییدا ئێمە ناڵێین ئازادی کۆت و بەند بکرێ، بەڵام دەبێ سنوورێک بۆ ئەو فەوزایە دابنرێ و ئەمەش کاری پەرلەمان و پشتیوانی حکوومەتی دەوێ، چونکە ئەوجۆرە ئازادییە لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە نییە و ئەوەی ئێستا دەکرێ و دەوترێ، ئازادی نییە بەڕەڵاییە.










