دوای سەردانێکی فەرمی بۆ بەریتانیا و کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 22ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە هەولێر.

سەرۆکی حکوومەت، لە سەردانەکەیدا، بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن بۆریس جۆنسن سەرۆکی وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، پەروەردە و وزە و بازرگانی و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی بەریتانیا پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها لە ئەنستیتیوتی بەناوبانگی بەریتانی چاتهام هاوس لە لەندەن گوتارێکی پێشکەش کرد و بەشداری گفتوگۆیەک بوو دەربارەی پرۆسەی سیاسی و بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچە کە چەندین دیپلۆمات و لێکۆڵەر و نووسەر و کەسایەتیی ناسراوی بەریتانی بەشداربوون .

هەر لە لەندەن، هەردوو سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا تۆنی بلێر و جۆن مێجەر ، هەروەها باڵوێزی عێراق لە بەریتانیا محەمەد جەعفەر سەدر سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.