بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابووری لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرێنی بووە. ئاماژە بەوەشدەکات، وەزارەتەکەیان ئەرکێکی تەکنیکی هەیە و گفتوگۆ لەبارەی پرسە سیاسیی و یاساییەکان ناکات، بە تایبەتی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان.

د. ھیشام یاس، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابووری لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: “یەکەم کۆبوونەوەی نێوانمان بوو، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، ئەوان بەرامبەر هەموو پرسەکان کراوە بوون، سەبارەت بە داننان یاخود رەتکردنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵیش، ئەم بابەتە لە دەرەوەی وەزارەتی نەوتە، چونکە وەزارەتەکەی ئێمە تەکنیکیە، ئێمە تەنیا گفتوگۆ لەبارەی کێشە تەکنیکییەکان دەکەین، کە پەیوەستن بە گرێبەست و گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوت و گەڕاندنەوەی داهاتەکەی، ئەمانەش پرسی تەکنیکین، پرسە سیاسییەکان لە دەرەوەی وەزارەتی نەوتن، بنەمای کارکردنیشمان هاوکاری و هەماهەنگییە، دوور لە ئیستفزازکردن و تۆمەت بەخشینەوەی سیاسی”.