سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی بەستنی 9ـمین کۆنگرەی حزبی بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و 43ـمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەکە پیرۆزبایی لە یونادم یوسف دەکات.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بۆ سكرتێری بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری:

بەڕێز یونادم یوسف كەنا سكرتێری بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری

بەبۆنەی بەستنی نۆیەمین كۆنگرەی حزبەكەتان و هەڵبژاردنەوەی بەڕێزتان وەك سكرتێری بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و، هەروەها چل و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بەڕێزتان و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.

هیوادارم بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنگرەكەتان خزمەتی زیاتری تەبایی و فرەلایەنی كوردستان بكات و برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان قووڵتر ببێتەوە. حزبەكەتانیش لە ئەرك و چالاكییەكانیدا پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

مسعود بارزانی

١٢ـی نیسانی ٢٠٢٢