كاروان محمەد سینۆ
شكستەكانی بەرێزان برادەرانی یەكێتی لە هەڵبژاردنە یەك لە دوایەكەكانی كوردستان و شكستیان لە ئیدارەدانی زۆنی سەوز و چەندین شكستی دیكە لە بواری سیاسی و پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و …هتد، بۆتە مۆتەك و فۆبیا و هیستریا و گرێی دەروونییان، بەردەوام بەدوای هەنجەت و پاساویێكدا دەگەڕێن كە شكستەكانی خۆیانی پێ پەردەپۆش بكەن، بەتایبەت شكستیان لە هەڵبژاردنەكاندا كە خەتا دەخەنە پاڵ یاسای هەڵبژاردن. بەڵام ئاماژە بە هەڵبژاردنەكانی پێشووی كوردستان و عێراق و دەرەنجامی هەڵوێستە نانیشتیمانییەكانیان بەتایبەت بەرامبەر كەركوكی دڵی كوردستان كە لەسەودایێكی بێنرخدا كەركوكیان ڕادەستی حەشد و هێزە پەلاماردەرەكانی دیكەی كوردستانیان كرد… ئەمانەن بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە یەكێتی متمانەی گەڵ و هاوڵاتیانی كوردستان لەدەستبدات، نەك یاسای هەڵبژاردن!. هەڵبەت ڕادەستكردنی ئیرادەی سیاسی خۆیان بە (دەرودراوسێ)!، ئەمەش هۆكاری دیكەیە كە برادەرانی یەكێتی نەتوانن لە ریزی هاوڵاتیان و نیشتیمانپەروەران و وڵاتپارێزاندا رۆڵی ئەرێنی و پاراستنی یەكریزی ناوماڵی كورد و خەڵكی كوردستان ببین. بێگومان گەل و هاوڵاتیان و خەڵكی كوردستانیش ئەم ڕاستییە باش دەزانن، بۆیە لە هەڵبژاردنەكاندا پڕبەپێستی یەكێتی وەڵامیان دەدەنەوە و دەنگیان پێنادەن و متمانەیان لێ دەسەننەوە. ئینجا بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكانی خۆیان هەمووچار لە هەڵبژاردنەكاندا یەكێتی هەنجەت لە یاسای هەڵبژارن و كۆمسیۆنی هەڵبژان و كورسی كۆتا و زۆرینە و كەمینە دەگرتن. هەروەها پاش هەموو هەڵبژاردنێك و بەرلەوەی ئەنجامەكانیش دەربچێت، برادەرانی یەكێتی دەڵین و دەڵێنەوە : “پارتی تەزویری كردووە” و رێگری لە دەنگدەرانمان كراوە” و چەندین تانە لە سەرلەبەری پرۆسەی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن دەدەن. كەچی هەمووجارێكیش پاش هەڵبژاردن و بردنەوە، پارتی سازانی لەگەڵ (یەكێتی)كردووە و موراعاتی بارودۆخ و بارخواری ئەوان كراوە و بەپێی خواستی ئەوان، پارتی باری لاری یەكێتی راست كردۆتەوە، زۆرجاریش پارتی كەوتۆتە بەر گلەیی و گازندەی جەماوەر و ئەندام و كادیرانی خۆی دەرەنجام بەو سازان و لێبوردن و چاوپۆشییەی بۆ یەكێتی دەكات.

كەچی كاتێك یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا شكست دەهێنێ، چەواشەكارانە خۆڵ دەكاتە چاوی ڕای گشتی و دەڵین: “یاسای هەڵبژاردن نارێك و هەڵەیە و دەبێ بگۆڕدرێ)…. راستە كە كورد گوتوویانە: “نازانێ شایی بكات، دەڵێت عەرزەكە خوارە”. لێرەدا بە برادەرانی یەكێت دەڵێین: نا… نەخێر… برایان، عەرزەكە خوارنییە و یاسای هەڵبژاردنیش كێشەی نییە، بەڵكو ئێوە متمانە و سەنگی خۆتان لە نێو خەڵكی كوردستان لەدەست داوە.

ئەمجارەش برادەرانی یەكێتی دەڵێن “یاسای هەڵبژاردن هەڵەیە و پێویستە بگۆڕێ”، هەروەها لێرە و لەوێ لەكادیر و بەرپرسەكانیان دەبیستین كە دەڵین: “كورسییەكانی كۆتا لەپەرلەماندا زەروری نییە و پێویستە نەمێنن یاخود سنوردار بكرێن یاخود پەلبەست و دەمبەرست بكرێن و نابێ كەمینە نەتەوەیی و ئاینی و ئافرەتان كورسی كۆتایان هەبێ، ئەگەر كورسی كۆتاشیان هەبێ! ، نابی مافی دەنگدانیان هەبێت لەسەر پڕۆژە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان!!.”، وەك ئەوەی بڵێی كەمینە نەتەوەیی و ئاینی و ئافرەتان خەڵكی ئەم كوردستانە نەبن!!.

بەرێزان برادەرانی یەكێتی…. گۆڕینی (هەر یاسایێك)؟! كارێكی ئاسان و ساكار نییە، بەتایبەت ئەگەر یاساكە (یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان)بێت. بەڵكو ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە كات و ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای گۆڕینی یاساكەهەیە و دەبێت هۆكارە پێویستییەكانی گۆڕینەكە بخرێتە روو و پڕۆژەیاساكە پێویستی بە تەدقیقكردن و تەقنینكردن و سیاغەكردن هەیە و دەبێت پڕوژەیاساكە لە هۆڵی پەرلەماندا خوێندنەوەی بۆبكرێ و ئینجا دەنگدانی بۆ بكرێ و ئایا دەنگ دەهێنێ؟! دەنگ ناهێنێ‌، ئینجا ئەگەر دەنگیهێنا پێویستە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستانی بڵاو بكرێتەوە و ئەوسا ئامادەكاری بكرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەپێی ئەوگۆڕینەی كەلە یاساكەداكراوە. پێدەچێ ئێوە (یەكێتی) هاوئاراستەی گۆڕینی یاسای هەرڵبژاردن، داوای گۆڕینی یاسای ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش بكەن، ئەوكات قوڕەكە خەستتر دەبێت و ڕۆژ، مانگی دەچێەسەر و مانگ ساڵی دەچێتەسەر و هاوشێوەی ئێستای بەغدا (كەپێموایە ئەمە خواستی ئێوەیە بەڵام بە ئاراستە و رێنمایی دەروجیران)! ئێوە دەخوازن كوردستانیش بخەنە نێو فەراغێكی سیاسی و تەشریعی و یاسایی كە نەسەری دیاربێت نەبن.

برادەرانی یەكێتی…. پێتان وایە كە شكستەكانتان خەتای یاسای هەڵبژاردنە؟! یاخود بەفیتی (دەروجیران) دەخوازن ئەزمونی دیموكراسی حوكمڕان هەرێمی كوردستانیش بە دەردی بەغدا ببەن؟!. با لای خەڵكی كوردستان روون ئاشكرابێت كە، لەهەردوو حاڵەتدا ئێوە (یەكێتی) ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەخەنە بەر ئایندەیەكی تاریك و نادیار كە بەرپرسێتی مێژووی لێدەكەوێتەوە. ئەگینا لەوەتەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە(1)ی ساڵی 1992 دەرچووە، تاكو ئێستا ، (5)جار ئەم یاسایە هەموار و تەعدیل كراوە و 31ماددە و بڕگەی لێ گۆڕاوە، بەتایبەت كاتێك لە ڕۆژی20ی11ی ساڵی2004 لە دانیشتنێكیدا پەرلەمانی كوردستان بۆجاری سێیەم بەیاسای ژمارە (47)ی ساڵی 2004 ،هەشت ماددەی هەمواركرد و چوار ماددە لابران(ئیلغا) و چوارماددە زادكران و شەش برگەش هەمواركران. شایانی باسە ماددەی 9 یاساكە لابرا(ئیلغاكرا) كە بریتیبوو لە: (كوردستان ـ عێراق دەكرێتە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن بەمەرجێ لە چوار ناوچە كەمتر نەبن) و لەجیاتی ئەوە، ئەم دەقە چەسپێنرا كە دەڵێ: (هەرێمی كوردستان ـ عێراق بەیەك ناوچەی هەڵبژاردن لەقەڵەم دەدرێ و دابەش دەكرێ بەسەر مەركەزگەلی هەڵبژاردندا). كەچی پێدەچێ ئەمجارە برادەرانی یەكێتی دەخوازن دیسان ئەم ماددەیە بگۆڕدرێتەوە و دیسان وەكو جاران لێبكرێتەوە و هەرێمی كوردستان بكرێتەوە بە یەك ناوچەی هەڵبژاردن. هەروەها بەپێی لێدوان و گوتاری بەرپرس و كادیرەكانیان برادەرانی یەكێتی دەخوازن ماددەی 36 و ماددەی(36دووبارە) بگۆڕنەوە یاخود لاببەن (ئیلغابكەن) بەشێوەیەك كە كورسی كۆتای ئافرەت و كەمینەی نەتەوەیی و ئاینییەكان نەمێنێت یاخود دەستبەسەر و دەمكوت بكرێن و مافی دەنگدانیان لەنێو پەرلەماندا نەبێت، بەتایبەت لە پڕۆژە یاسا چارەنووسسازەكاندا. ئەمەش پێچەوانەی ئازادی و یەكسانی و پێكەوەژیانە لە هەرێمی كوردستاندا. هەروەها با برادەرانی یەكێتی و (ئاغاكانیان)! بزانن كە ئەم خواست و مەرامەی ئەوان پێچەوانەی ماددەی(125)ی دەستوری هەمیشەیی عێراقە كە(دەستور مافی سیاسی نەتەوەكانی توركمان و كلدان و ئاشور و پێكهاتەكانی دیكە زامن دەكات) و ناكرێ پێچەوانەی دەستور، ماددەی (36 و 36دووبارە) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بگۆڕدرێت یاخود ماف و كورسی (كۆتا) دەمكوت و دەستبەسەر بكرێت.

برادەرانی یەكێتی… واچاكە هەموومان بە دڵ و گیانێكی برایانە و نیشتیمان پەروەرانە بەیەكەوە دەست لەناو دەستی پارتی و حزب و لایەن و نەتەوە و ئاینەكانی كوردستان بەنیازێكی پاك، ئەزموونی هەرێمی كوردستان سەربخەین و بەرەوپێشببەین، ئەگینا مێژوو خاتری كەس ناگرێ.