وتووێژێكی ڕۆژنامه‌وانیی دوای ڕێككه‌وتنی 11ی ئادار له‌گه‌ڵ بارزانیی نه‌مر

“یه‌كه‌م جاره‌ ده‌قی دیداره‌كه‌ وه‌ك خۆی به‌ كوردی له‌ (خه‌بات) بڵاوده‌بێته‌وه‌”

وەرگێرانى: دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی:- ڕێككه‌وتنی 11ی ئاداری 1970، له‌ نێوان شۆڕشی ئه‌یلوول و حكوومه‌تی عێراق، ڕووداوێكی گه‌وره‌ بوو. پێش ڕێككه‌وتنه‌كه‌، ژماره‌یه‌ك ڕۆژنامه‌نووس به‌ زه‌حمه‌ت خۆیان گه‌یاندبووه‌ ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كان، به‌ڵام دوای ڕیككه‌وتنی 11ی ئادار، ڕیگه‌ی هاتنی ڕۆژنامه‌نووسان بۆ كوردستان ئاسانتر بوو. بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئیمزاكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه،‌ له‌ نێوان بارزانیی نه‌مر و سه‌دام حوسێن، ڕۆژنامه‌نووسانی جیهان ڕوویان له‌ كوردستان كرد.

دوریه‌ عه‌ونی له‌ میسره‌وه‌، به‌ره‌و كوردستان هاتووه‌، دیدارێكی بۆ گۆڤاری (المصور)ی میسری، له‌گه‌ڵ بارزانیی نه‌مر كردووه‌، ده‌قی دیداره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌، له‌ ژماره‌ 2372ی ڕۆژی 27/3/1970 بڵاوبۆته‌وه‌. به‌و پێیه‌ی دیداره‌كه‌ زوو كراوه‌، بۆیه‌ گۆڤاره‌كه‌ش وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی نووسیویه‌تی: ( “المصور” ینفرد بأول حدیث مع البارزانی بعد الاتفاق التاریخی).

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانمدا، بۆ په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ی زیاتر، له‌باره‌ی هه‌ر نووسینێك، كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ كورده‌وه‌ هه‌بێت، شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ ڕێگه‌ی په‌یجێكی كتێب فرۆشانی به‌غداوه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ی گۆڤاری (المصور)م ده‌ست كه‌وت، به‌ باشم زانی بیكه‌مه‌ كوردی و له‌ یادی ڕێككه‌وتنی 11ی ئادار بڵاوی بكه‌مه‌وه‌. به‌ڵام پێویستم به‌وه‌بوو بزانم، ئاخۆ پێشتر كراوه‌ته‌ كوردی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته،‌ په‌یوه‌ندیم به‌ مامۆستا مومتاز حه‌یده‌رییه‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌زموونێكی زۆری نووسین و ڕۆژنامه‌نووسیی هه‌یه‌ و خاوه‌نی ئه‌رشیف و كتێبخانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌. مامۆستا پێی ڕاگه‌یاندم، كه‌ ده‌قی ئه‌و دیداره‌ی به‌ كوردی به‌رچاو نه‌كه‌تووه‌. بۆیه‌ پێمانوا‌یه‌ یه‌كه‌م جاره‌ به‌ كوردی بڵاوده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قی دیداره‌كه‌:

به‌غدا له‌ (دوریه‌ عه‌ونی)یه‌وه‌:

له‌وه‌تی به‌یانی 11ی ئادار ڕاگه‌یاندراوه،‌ عێراق له‌ ئاهه‌نگی به‌رده‌وامدایه‌، ئه‌و ئاهه‌نگه‌ له‌ 21ی ئادار، كه‌ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌، گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی. له‌ ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ، به‌ر له‌ دوو هه‌زار ساڵ، كاوه‌ی ئاسنگه‌ری كورد، زوحاكی زۆرداری كوشت، كه‌ گه‌لی كورد و ئێرانی ده‌چه‌وسانده‌وه‌، ئه‌و جه‌ژنه‌ كه‌وته‌ یادی شه‌ڕی كه‌رامه‌ت، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا جه‌ژنی به‌هاره‌.

به‌م شێوه‌یه‌، شه‌قامی (الرشید)ی پایته‌ختی عێراق، كاروانێكی گه‌وره‌ی خه‌ڵكی به‌خۆوه‌ بینی، كه‌ پێشتر به‌خۆوه‌ی نه‌بینی بوو، ئه‌و حه‌شاماته‌ی به‌ شه‌قامه‌كه‌دا‌ ده‌ڕۆیشتن، دروشمی (كورد و عه‌ره‌ب له‌ ڕقی ئه‌مه‌ریكا له‌ جه‌نگدان) و (كورد پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بن)یان به‌رز كردبۆوه‌. ئه‌و دروشمانه،‌ له‌گه‌ڵ ئاواز و گۆرانیی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌گوترانه‌وه، جوانترین و دیارترینیان، له‌گه‌ڵ ئاوازی گۆرانییه‌كانی له‌یلا نه‌زمی بوون.

سه‌دام حوسێن، جێگری ئه‌مینداری سه‌ركردایه‌تی قوتریی حزبی به‌عس، به‌ فڕۆكه‌ سه‌ردانی بارزانی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی جه‌ژنی لێ بكات، دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا، تا له‌و ئاهه‌نگه‌ ئاماده‌ بێت، كه ‌پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ ڕێكیخستبوو. ‌ شتێكی له‌ ناكاو و سوپرایز بوو، كه‌ ساڵح مه‌هدی عه‌ماش جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆ، حه‌ردان تكریتی وه‌زیری به‌رگری، عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لشێحلی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌سایه‌تیی عێراقی به‌شدار بوون.

توانیم ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی(سبق صحفی) بۆ گۆڤاری (المصور) به‌ده‌ستبێنم، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین گفتوگۆیه‌، له‌گه‌ڵ ڕابه‌ری كورد مه‌لا مسته‌فا بارزانی، كه‌ ڕای خۆی له‌باره‌ی چه‌ند مه‌سه‌له‌ و كێشه‌ و به‌یانی 11ی ئاداردا ده‌ڵێت.

له‌سه‌ر گردێكی بچووكی، یه‌كێك له‌ لوتكه‌ی چیا به‌رزه‌كانی كوردستان، له‌ ناوچه‌ی (گه‌ڵاڵه‌)ی پارێزگای هه‌ولێر، نزیك سنووری ئێران و عێراق، ماڵێكی بچووك هه‌یه‌، كه‌ له‌ چوار ژوور پێكهاتووه‌، ئه‌و ماڵه‌ به‌ كه‌لوپه‌له‌ كه‌م و ساده‌كه‌یه‌وه‌، چووه‌ ناو مێژووه‌وه‌. له‌ شه‌وی 11ی ئاداری 1970، ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی تیادا ئیمزا كرا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی، دانی به‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ حوكمی زاتیدا نا، دوو ساڵ ده‌بێت مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌ سه‌روویشییه‌وه‌ بارزانی كردوویانه‌ به‌ باره‌گای خۆیان.

 چاره‌سه‌ریی ئه‌و گرفته‌ی، كه‌ ته‌واوی تواناكانی عێراقی ئیفلیج كردبوو و ڕێگه‌ی لێ گرتبوو، خۆی به‌ شه‌ڕی یه‌كلاكه‌ره‌وه،‌ له‌گه‌ڵ زایۆنیزم و ئیمپریالیزمدا خه‌ریك بكات، به‌ دڵخۆشییه‌كی زۆره‌وه‌، له‌لایه‌ن هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه، كه‌ به‌ره‌ی عه‌ره‌بی بێ هیچ كه‌لێنێك به‌هێز و خۆڕاگر بێت، وه‌رگیرا.‌

هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ، له‌ 11ی ئه‌یلوولی 1961دا، كاتێ عه‌بدولكه‌ریم قاسم، فڕۆكه‌كانی نارده‌ سه‌ر ناوچه‌ی بارزان و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی مسته‌فا بارزانی، بۆ ئه‌وه‌ی بۆردومانی بكات. مسته‌فا بارزانی، ڕابه‌رایه‌تیی شۆڕشی كوردی كردووه‌ و، ناچار بووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر دڵره‌قی و توندوتیژیی حكوومه‌تی قاسم ده‌رهه‌ق به‌ كورد، به‌رگری له‌ خۆی بكات. ژماره‌یه‌كی زۆری كورد چوونه‌ ڕیزی پێشمه‌رگه‌، به‌ سه‌ركردایه‌تیی بارزانی. وێڕای چه‌ند هه‌وڵێكی سه‌رنه‌كه‌وتوو، بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌كه‌، شه‌ڕ به‌ شێوه‌یه‌كی پچڕ پچڕ، له‌ نێوان بارزانی و حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان به‌رده‌وام بوو.

ئه‌و ماڵۆچكه‌یه‌ی ڕێككه‌وتنی تێدا ئیمزا كرا

له‌ هه‌مان ئه‌و ژووره‌ی، كه‌ به‌ڕێز سه‌دام حوسێن و به‌ڕێز بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕابه‌ری شۆڕشی كورد، به‌یانی مێژووییان تیادا ئیمزا كرد، ئه‌و شه‌ڕه‌فه‌م پێبڕا،‌ یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌نووسی غه‌یره‌ عێراقی بم، بارزانی پێشوازیم لێبكات و تایبه‌ت بۆ گۆڤاری (المصور) بدوێت.

هیچ شوێنپه‌نجه‌ و كاریگه‌رییه‌كی ڕووداوه‌كانی یازده‌ ساڵی رابردووم، له‌ سه‌ر ده‌م و چاوی پته‌ویدا به‌دی نه‌كرد، له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی، له‌ شه‌ڕی به‌رده‌وامدا به‌سه‌ر بردووه‌، ‌ له‌ چه‌ند شه‌ڕێكیاندا، توندوتیژی گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی. هه‌رچه‌نده‌ شه‌ست و پێنج ساڵی ڕه‌ت كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌وپه‌ری چالاكیدایه‌. چاوه‌كانی ئاماژه‌ی زیره‌كییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌به‌خشن، هێزێكی ده‌گمه‌ن له‌ كه‌سایه‌تییه‌كه‌یدا بریقه‌ ده‌دات، له‌ ته‌ك ئه‌وه‌شدا زۆر ساده‌ و خاكه‌ڕایه‌. لێ ئه‌و سیفه‌تانه‌، ئه‌ركی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ئاسان ناكات، كه‌ ده‌یه‌وێ وا له ‌بارزانی بكات، له‌باره‌ی خۆی و پاڵه‌وانێتیه‌ جۆراوجۆره‌كانییه‌وه‌ قسه‌ بكات، هه‌روه‌ها كاتێ قسه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان، زۆر خۆپارێزه‌، پاش زۆر لێكردن و مكوڕبوونێكی زۆر، توانیم ئه‌م لێدوانانه‌ی لێ وه‌ربگرم.

* ئایا ده‌توانی خۆتمان پێ بناسێنی؟

– من كه‌سێكم، له‌ خاكی ئه‌م نیشتمانه‌ و له‌‌م گه‌له‌وه‌ هه‌ڵقووڵاوم. له‌وه‌تی هه‌ستم به‌و ڕاستییه‌ و  به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌، له‌ نێو ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م و له‌ نێو عێراقییه‌كاندا به‌گشتی كردووه‌، ئاره‌زووی زۆرم لا په‌یدا بووه‌، كه‌ له‌ لابردنی ئه‌و زوڵمه‌، له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌م به‌شداری بكه‌م. هه‌موو ئه‌و شه‌ڕ و بزووتنه‌وانه‌ی خه‌ڵك پێیان ده‌ڵێ شۆڕش، به‌شداریم تیایاندا كردووه‌، هه‌ر هه‌مووی به‌و ئامانجه‌ بووه‌، ئه‌و هه‌سته‌ی به‌سه‌رمدا زاڵ بووه‌ بێته‌دی. هێز و تواناكه‌شم، له‌ بڕوای ڕاست و دروستمه‌وه‌، به‌ پره‌نسیپه‌ باڵاكانی ئاینی ئیسلامه‌وه‌ وه‌رده‌گرم، وه‌ك ڕاستگۆیی، دادوه‌ری، دڵسۆزی و هاریكاری.

* ئایا ئێوه‌ خۆتان بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی كۆماری عێراق كاندید ده‌كه‌ن؟

– زۆر به‌ ڕاشكاوییه‌وه‌، من چاوم له‌ هیچ وه‌زیفه‌یه‌ك، یان پله‌ و پۆستێك، یان ده‌سكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك نییه‌، كه‌ به‌هۆی ئه‌م شۆڕشه‌وه‌ وه‌ده‌ستی بێنم. له‌باره‌ی (جێگری سه‌رۆك)یشه‌وه‌، ئه‌وا له‌ كۆنگره‌ی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ له‌ حوزه‌یرانی داهاتوو ده‌به‌سترێت  كاندید ده‌كرێت، له‌وانه‌شه‌  مه‌كته‌بی سیاسی، پێش كۆنگره‌ كاندیدی بكات.

هه‌رچی منم، چاوم ته‌نیا له‌وه‌یه‌،‌ ماوه‌ی پیرییه‌تیم، كه‌ به‌ ڕوونی ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ هێمنی و دڵنیایی و ساده‌یی، هه‌روه‌ك تاكه‌كانی گه‌له‌كه‌م بژیم، كه‌ من یه‌كێكم له‌و گه‌له‌. ئه‌وه‌ ناڵێم مه‌گه‌ر جارێكی دی، هه‌ست به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی نوێ، به‌رانبه‌ر مافه‌كانی گه‌لی كورد بكه‌م، كه‌ به‌ڵێنمان دا، ئه‌و مافه‌ دوای خه‌باتێكی درێژخایه‌ن، به‌ ڕووت و ڕه‌جاڵی و برسییه‌تی و تینوێتی و ڕشتنی خوێنی پاك، له‌ نێوان ڕۆڵه‌كانی گه‌لی عێراقمان، به‌ عه‌ره‌ب و كورده‌وه‌، وه‌دیی بێنین.

* ڕات به‌رانبه‌ر به‌یانی 11ی ئادار چییه‌، ئایا لێی ڕازین؟

– ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌، كه‌ ببینی خۆشی و شادی، له‌ دڵی هه‌موو عێراقییه‌كاندایه‌، به‌ عه‌ره‌ب و كورده‌وه‌، ئه‌م پشتگیرییه‌ میللییه‌ گشتگیره‌ گه‌وره‌یه‌، وام لێ ده‌كات، ته‌واو به‌و به‌یانه‌ هه‌ست به‌ خۆشی بكه‌م.

* هه‌ڵوێستتان به‌رانبه‌ر یه‌كگرتنی عه‌ره‌بی چییه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نێوان عێراق و وڵاتێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بی ببێت، هه‌ڵوێستتان چی ده‌بێت؟

– ئه‌گه‌ر یه‌كێتی، یان هه‌ر هه‌نگاوێكی دیكه‌ی له‌و جۆره‌، خێر و خۆشی بۆ هه‌مووان بێنێ، ئه‌وا ئێمه‌ش به‌شێكین له‌و هه‌مووه‌ و خێرمان پێ ده‌بڕێت، من پشتگیری له‌ كارێك ده‌كه‌م، كه‌ خێر و خۆشی بۆ هه‌مووان وه‌دی بهێنێت. له‌و جۆره‌ ده‌سكه‌وتانه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌، عه‌داله‌ت بۆ هه‌مووان وه‌دی بێت.

* ئه‌ی هه‌ڵوێستتان به‌رانبه‌ر پرسی فه‌له‌ستین چییه‌؟

– ئێمه‌ به‌شێكین له‌ گه‌لی عێراق، هه‌ڵوێستمان په‌یڕه‌وی له‌ هه‌ڵویستی حكوومه‌ت له‌ به‌غدا ده‌كات.

* له‌ دیدی ئێوه‌دا جیاوازی نێوان ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ و ڕێككه‌وتنه‌كانی پێشوو كه‌ شكستیان هێنا چییه‌؟  

– ئه‌م ڕێككه‌وتنه،‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌، له‌ نێوان دوو حزبی سیاسی كراوه‌، دوای گفتوگۆیه‌كی دوورودرێژ هاتۆته‌ كایه،‌ كه‌ بناغه‌ی به‌هێزی داناوه‌. له‌ كاتێكدا پێشتر، ته‌نیا به‌یانی وزاری بوو، سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌ری ده‌كرد. ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌، یه‌كه‌م ڕێككه‌وتنه‌ دان به‌ حوكمی زاتی بۆ كورد ده‌نێت و ڕێگه‌یان پێ ده‌دات، به‌شداریی كارا له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاساداناندا بكه‌ن. گرنگتر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ قووڵه‌یه‌ له‌ پرسی كورد، كه‌ له‌ لایه‌نی عه‌ره‌بی بینیمان، هه‌روه‌ها ئه‌و پشتگیرییه‌ میللییه‌ی به‌یانه‌كه‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌.

مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ گۆڤاری (المصور)