لەشەوی نۆ لەسەر دەی ئۆكتۆبەری ئێستا* لەخانەی بەساڵەچووانی پاریس لۆران گاسپاری شاعیری ناوداری فەرەنسی لەتەمەنی 94 ساڵی كۆچی دوایی كرد، دوای ئەوەی دوا ساڵەكانی تەمەنی بەهۆی نەخۆشی ئەلزەهایمەر، بەلەدەستدانی یادگا بەسەر برد.

لەسەرەتاكانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەتونس لۆران گاسپارم ناسی كە ئەوسا لەنەخۆشخانەی (شارل نیكۆل)ی پایتەخت، پزیشك بوو. پێشتریش لەنەخۆشخانەی فەرەنسی لەشاری قودس هەمان پیشەی ئەنجامدابوو. بۆ ساڵانێكی درێژیش پێوەندیم لەگەڵی بەردەوامبوو، بۆ بەدیارخستنی جیهانی شیعری ئەو كە هێز و رازاوەییەكەی لەگەشتە زۆرەكانی بەناو جیهان و لەشەیدابوونی بەبیابانەكان و دەریاكان بەتایبەتیش دەریای ناوەراست، وەردەگرت. بۆیە لەچامەكانی و لەتۆماری رۆژانەیدا بیابانی تونس و جەزائیر و بیابانی سینا و چیاكانی ئاسیای ناوەراست و دەریای ئیجە ئامادەن. كە لەوێدا بەهەر دوو شاعیری گەورەی یۆنانی (ئۆدیسیوس ئیلیتیس) و (جۆرج سیفێریس) دەگەیشت. هەروەها وڵاتان و شارەكانی وەك یەمەن و حەلەب و دیمەشق و قودس و دوورگەكانی یۆنان و بیابانی ئاریزۆنا و زۆر شوێنی دیكەی سەر نەخشەی جیهان، ئامادەن.

لۆران گاسپار ساڵی 1925 لەخێزێكی جوتیاری خۆشگوزەری ناوچەی ترانسلڤانیای نێوان رۆمانیا و هەنگاریا هاتەدونیا. هەر زوو فێرە چوار زمان بوو، لەناویاندا ئەڵمانی و فەرەنسی. ئەمەو رامبۆ و رانیار ماریا ریلكەشی خوێندەوە، كە دواتر هەندێك لە كارەكانی ئەوەی دوایی بۆ زمانی مۆلێر وەرگێڕا. هەروەها زانستی دروست بۆ خۆی كێشی كرد و تاكو لەزانكۆی بوداپست ئەندازە بخوێنێ.

 لۆران گاسپار تەمەنی 18 ساڵ بوو كاتێك جەنگی دووەمی جیهانی هەلگیرسا. ئەوسا كرا سەرباز و یەكسەر بۆ شەڕ لەبەرەی رووسیا ناردرا. بەهۆی راكردنیشی لەسەربازی ساڵی 1944 لەئۆردوگای ئەڵمانی لەفورتنبارگ بەندكرا، بەڵام بەر لەوەی جەنگ بەكۆتابێت توانی لێی رابكات. ئینجا ماوەیەكی درێژی لەناو چیاكان و دارستانەكان بڕی بەر لەوەی بگاتە پاریس، كە ئەوسا ئەو شارە بەهۆی داڕمانی نازییەت ئاهەنگە گەرمەكانی بەخۆوە دەبینی. ئەوەبوو بڕیاریدا لەفەرەنسا نیشتەجێبێ و بەزمانەكەشی بنووسێ. لەو بارەوە دەڵێت : “بەخێرایی دركم بەوەكرد پێویستە لەسەرم هەڵبژاردنێكی ریشاییە بكەم. ئەو زمانەی بۆ نووسین هەڵیدەبژێرین دەبێتە زمانێكی خۆسەپێن، هەرچی زمانەكانی دیكەیە ئەوە پەراوێزدەخرێن، بەزمانی دایكیشەوە”.

لەپاریس لۆران گاسپار چووە كۆلیژی پزیشكی تاكو ببێتە پزیشكی برین. ساڵی 1954 چووە شاری قودس تاكو لەنەخۆشخانەی فەرەنسی ناو ئەو شارە كۆنەی روو لەبیابان كاربكات. لەیەكەم روانینیشی شەیدای بیابان بوو كە لەبەردەمیدا درێژدەبۆوە. ئەو دەڵێت : “لەبەرامبەر ساكاری شێوە و رەنگەكان، هۆشیاری و هەستی بەهێز دایگرتم، وەك ئەوەی دەبێت چیرۆكێكی خۆشەویستی بەسۆز بەسەربەرم. سپێدەی هەموو بەیانییەك، سواری ئەسپ بم و روو لەبیابان بكەم، بەناو چیاكان و تاوێرەكان بگەڕێم، دیمەنە سروشتییەكانیش سەرەتای مێژووی مرۆڤ بیردەخەنەوە. وەهام هەست دەكرد لەبەردەم واقیعێكی سەرەكی دام”.

لەهاوینیشدا بەهاوڕێیەتی هاوسەر و منداڵەكەی دەچووە دوورگەكانی یۆنان تاكو لەگەڵ دەریاوانەكان و لەگەڵ خەڵكانی ئاسایی بژیەت، ئەوان چیرۆكەكانی خۆیانیان لەگەڵ دەریا بۆ دەگێڕاوە. لەكاتی سەردانیكردنیشی بۆ دوورگەكانی یۆنان لەپشووی ساڵانە بەنووسەر و شاعیری فەرەنسی (جاك لاكاریار) گەیشت كە ئەویان جوانترین دەق و چامەی لەبارەی دەریای ناوەراست و شارەكانی و ئەفسانەكانی، هەر لەكاتی هۆمیرۆسەوە نووسیوە. هەروەها لەو سەردانانەی جۆرج سیفێریس و ئیلیتیس و شاعیر و نووسەرانی دیكەی یۆنانیشی ناسی.

دوای جەنگی 1967 لۆران گاسپار قودسی جێهێشت. دوای ئەوەی ئیسرائیل داگیری كرد. ئەوسا لە پاریس كتێبێكی بەناوی (فەلەستین، ساڵی سفر) بڵاوكردەوە تێیدا سەركۆنەی داگیركاری ئیسرائیلی بۆ زەوی عەرەبی كردووە. هەروەها چەندان چامەشی نووسیوە كە لەناویاندا لاوانەوەی بۆ (جیهانێكی جوان) كردووە كە بەهۆی ئەو توندوتیژی و قینەی كە جەنگەكان دەیوروژێنن، پوكایتەوە.

ساڵی 1970 لۆران گاسپار بۆ تونس چوو تاكو لەنەخۆشخانەی (شارل نیكۆل) دەستبەكاری پزیشكی بكات. لەیەكێك لەتۆماركراوەكانی رۆژانەیدا نووسیویەتی :”پیشەی پزیشكی وەها دەكات هەموو شوێنێك لەژیانم لەیەكداببڕێن، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو بۆ ناخیشم دزە دەكات، تەنانەت لەكاتی خەوتنیشدا. ئێمە ناتوانین لەگەڵ ئەوانەی ناچار و بەپەلەن پێكبێین. بەڵام لەكاتی پەلەییدا ئارەزوو وەهامان لێدەكات بوەستین، و لەدەوروبەری خۆمان بڕوانین و لەهەوای كراوە نەفەسێك هەڵبمژین و رابمێنین و لەسەر كاغەزی سپیش تێبینی یان خاتیرە بنووسین”.

لەتونس لۆران گاسپار پێوەندی تۆكمەی لەگەڵ هەندێك شاعیر و نووسەر داڕیژت، لەوانە (خالد النجار)، ئەوەی زۆر لە چامەكانی ئەوی بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە. هەروەها لەگەڵ (المنصف غشام) كە بەفەرەنسی دەنووسێ. هەروەها لەگەڵ (صالح القرمادی) ئەكادیمی كۆچكردوو. ئەمەو گۆڤاری (الیف) ی دەركرد كە بەهەردوو زمانی فەرەنسی و عەرەبی، دەق و چامە و توێژینەوەكانی گرتبووەخۆ.

نووسینی/ حەسونە موسباحی

وەرگێڕانی/ ئاكۆ عەبدوڵا

سەرچاوە:   www. alarab.co.uk    12/10/2019

* مەبەستی ساڵی 2019 یە (وەرگێڕ)