نووسینی/ حەسونە موسباحی

وەرگێڕانی/ ئاكۆ عەبدوڵا

ئیمپراتۆرە داگیركەرەكان وەهایان نیشاندەدا ئامانج لە هەژموونیان بەسەر وڵاتە لاوازەكان، بڵاوكردنەوەی بەها شارستانی و مرۆڤایەتییە بەرزەكانبوو، بەڵام مێژوو بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر سەلماندوویەتی ئەو ئیمپراتۆریەتانە هێزی سەربازی خۆیان بۆ بەتاڵانبردنی سامانەكانی زۆر وڵات بەكارهێناوە. لەسەر گەلەكانیشیان ستەمكاری و قەسابخانەی ترسناكیان ئەنجامداوە. ئەوەش لە زۆر رۆماندا سەركۆنەكراوە، لەوانە رۆمانی (دڵ لە تاریكیەكان)ی جۆزیف كۆنرادی بەریتانی.

لەو رۆژانەی رابردوو جارێكی دیكە شاكارەكەی (دڵ لە تاریكیەكان) {لە وەرگێڕانی عەرەبی: دڵ لە تاریكی، بەڵام من كۆیەكەم پێ باشترەی لە تاك} * ی جۆزیف كۆنرادم بە وەرگێڕانە فەرەنسییەكەی خوێندەوە. لەو رۆمانە دەرهێنەری بەناوبانگی ئەمەریكی فرانشیسكۆ كاپولا فیلمەكەی (قیامەتی ئێستا)ی هەڵهێنجاوە. كە لە خوێندنەوەی ئەو رۆمانە بوومەوە وەهام هەستكرد پێشتر نەمخوێندبێتەوە. ئەوەش ئەو تایبەتمەندییەیە كە بەرهەمە داهێنانە مەزنەكانی پێ جیادەكرێتەوە كە تۆ هەر جارێك دەیخوێنییەوە هەست دەكەیت پێویستت بەوەیە جارێكی دیكە بیخوێنییەوە تاكو بە وردی بچیە ناخی و رازەكانت بۆ دەركەوێ.

تاوانەكانی سپی

 كۆنراد جارێك وتی : “سروشتی مەعریفیم و ئاماژە و نیشانەكانی ناو كارەكانم، راستەوخۆ پێوەندییان بە بارودۆخی ژیانی كرداریم هەیە، بە پێوەندییە ساكار و تێپەڕیووەكان، زیاتر لەوەی پێوەندی بە ئەزموونی ژیان هەبێ”. وەك ئاشكراشە رۆمانی (دڵ لە تاریكییەكان) رەنگدانەوەی ئەو قسەیەیە. نووسەر ژیاننامەی كۆنرادیش دەڵێت : “ئەو لەو كاتەی منداڵ بوو بۆ ماوەی درێژ لە نەخشەی كیشوەری ئەفریقیای دەڕوانی. جارێكیشیان پەنجەی لەسەر روباری كۆنگۆ دانا كە بە مارێكی گەورە دەچوو و لەبەر خۆیەوە وتی : “كاتێك گەورە بم، لەوێ دەبم”.

ساڵی1890 كە ئەوسا لە سی و سێ ساڵەی تەمەنیدا بوو، كۆنراد لە برۆكسل پێوەندی دەكرد، بە یارمەتی خانمێكش كە مارگێت پارادۆڤسكای ناوبوو، گرێبەستی كاركردنی دەستكەوت و توانی بەرەو كۆنگۆ بچێت كە ئەوسا لە ژێر دەسەڵاتی شانشینی بەلجیكابوو. لە مانگی مایسی ئەو ساڵەدا لە شاری بۆردۆی فەرەنسی دەرچوو. گەشتەكەی مانگێكی تەواوی خایاند. تێیدا ئەو دڵڕەقییە بینی كە داگیركەرە فەرەنسییەكان بەسەر دانیشتوانی وڵاتانی ئەفریقی ژێر هەژموونیان پیادەیان دەكرد.

لەكاتی گەیشتنی بە كۆنگۆ، هەر لە رۆژەكانی سەرەتا دووچاری هێدمەیەكی بە ئازاربوو. خۆی لە وڵاتی دڕندە دۆزیەوە. تێدا خەڵكی بە هۆی برسیەتی یاخود بە هۆی نەخۆشی یان بە هۆی ئەو ستەمە تۆقێنەرانەی لەلایەن داگیركەرە سپیەكان لەسەریان بوو، دەمردن. كە ئەوان هاوشێوەی ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵ دەكردن. لە نامەیەكیش كە بۆ مارگرێت پارادۆڤسكای نارد، كۆنراد نووسی (لێرە هەموو شتێك بە لای من ترسناك و بێزراوە، خەڵك و كەل و پەلەكان، بەڵام بە تایبەتی خەڵكەكان. هەموو ئەوانەی خاوەن دوكانن لە ئەفریقیەكان و بازرگانانی عاج، غەریزەی سوك و ریسواییانەیان هەیە. داخ بۆ ئەوە دەخۆم هاتومەتە ئێرە، نەك ئەوەندە بەڵكو بەوپەڕی تاڵی داخی بۆ دەخۆم).

وردە وردە كۆنراد دیمەنە ترسناكەكان تاوانەكانی داگیركەرە بەلجیكییەكانی لە كۆنگۆ ئاشكراكرد. زۆر لە مێژوونووسانیش لەو بڕوایەن بەلجیكا یەكەم وڵاتە تاوانەكانی پاكتاوكردنی رەگەزی لە سەدەی بیستەم ئەنجامدابێ. جان سانگرسی مێژوونووسی هۆلەندی و خاوەن كتێبی (كۆنگۆ، ئەفسانە و واقیع) دەڵێت : “(لیوپۆلدی دووەمی پادشای بەلجیكا، كۆنگۆی بە (موڵكی تایبەتی خۆی) دادەنا، بۆیە هەموو ئەو سامانەی كە لەوێدا بەدەستی كەوت بۆ دروستكردنی كۆشكی گەورە و حەمامە كانزاییەكانی ناو شاری ئوستوندی باكووری وڵات بەكارهێنا. سەركردە سەربازیەكان و سەربازە بەكڕێگیراوەكانی كە لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا كۆیكردبوونەوە، راسپاردبوو جوتیارە كۆنگۆلییەكان ناچاربكەن لە پێناو شانشینی بەلجیكی، بەبێ كرێ كاربكەن. خۆ ئەگەر ئەوەیان رەتكردباوە، دەست و قاچییان دەبڕدران و لە ناو سندوق بەرەو برۆكسل دەنێردران بۆ ئەوەی شا لیۆپۆلدی دووەم دڵنیابێت هەموو شتێك لە داگیرگە دوورەكان، كە هیچی لە بارەیانەوە و لە بارەی دانیشتوانەكەشی نەدەزانی، ئاساییە. لە كۆتایدا ئەنجامی ئەو سیاسەتە رەگەزپەستی و تاوانكارییە ملیۆنەها كوژراو و بریندار و شێواوبوو لە نێوان گەلی كۆنگۆلی.

لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیش بەلجیكا سوودی لە قازانجی كانەكانی نوحاس و یۆرانیۆم وەرگرت، دوای ئەوەی كۆنگۆلییەكانی ناچاركرد بەبێ كرێ و لە بارودۆخی سەختی دوور لە مرۆڤایەتی كاربكەن، ئەوەش بۆی رەخساند ئابووریەكەی لە كەوتن رزگاربكات و خەڵكەكەشی لە كارەساتی هەژاری و برسیەتی، بەدووربگرێ.

تاوانێكی دیكە كە بەلجیكا بە مافی كۆنگۆیەكان و گەلەكەی كردی لە تیرۆركردنی سەركردەی نیشتیمانی (پاتریس لومومبا) كە جەماوەری زۆری هەبوو، بەرجەستەیە. ناوبراو لە كاتی هەڵبژژاردنی یەكەم سەرۆكی حكومەتی كۆنگۆلی ساڵی 1958 دەسەڵاتدارانی بەلجیكی زۆر  زۆر بێزاربوون. ئەوسا بە مەبەستی رزگاربوون لێی خەریكی ئامادەكردنی پیلانی نامەردانە و گڵاو بوون. لە كاتی ئاهەنگەكانی سەربەخۆیش كە لە سی مانگی یۆلیۆی ساڵی 1960 سازكرا، پاتریس لومومبا رووی قسەی لە شا بۆدوان كرد و وتی : “قانونی بەلجیكی بە جیاوازی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤی سپی و مرۆڤی رەش دەكات”.

ئەو وتارە كە تێیدا رەخنەی توندی لە داگیركەری بەلجیكی گرت كینەی دەسەڵاتی برۆكسل زیاتر كرد و بە (ئیهانە بۆ شوێنگرەوەی لیۆپۆلدی دووەم)ی دانا. بۆیە بڕیاریدا لە نزیكترین هەلی رەخساودا خاوەنەكەی لەناوبەرێ.

گەشت لە دۆزەخ

پاڵەوانی سەرەكی لە رۆمانی (دڵ لە تاریكییەكان) مارلۆی ناوە. وەك دیاریشە كەسایەتی خودی كۆنراد بەرجەستە دەكات. مارلۆ سواری كەشتی دەبێت تاكو ماوەیەكی درێژ لە ناو روبار ببڕێ و بە دوای كورتز دەگەڕێ. ئەو پیاوە سپییەی كە لە پێناو گەیشتن بە عاج، سەدان لە دانیشتوانی كۆنگۆ ئازار دەدات و دەكوژێت.

مارلۆ دەڵێت : “ئەو – واتا كورتز تەواو ئەورووپییە، چونكە دایكی نیوەی بەریتانییە، باوكیشی نیوەی فەرەنسییە. وەك كۆیلەی خۆی كە تەواو ملكەچی بن، لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكە مامەڵە دەكات، بە جۆرێك هیچ كەسێكیان بوێری ئەوە ناكەن لێویان بجولێنن بە وشەیەكش. یاخود جولەیەك بكەن تووڕەیی یان رەتكردنەوە یان یاخیبوون بگەیەنێ. ئەگەر كەسێك ئەوەش بكات لێدان تا مردن، دواتر سەری لە لقی درەختەكان هەڵدەواسرێ.

لەگەڵ ئەوەی شانازی بەوە دەكرد وێنەی پیاوێكی شارستانی و شارنشینی بەرجەستە دەكات و لە وڵاتێكیش هاتووە كە لە ژێر سێبەری دیموكراتی و رێز و ئازادییە گشتی و تایبەتییەكان دەژیەت، كەچی كورتز لە ئەنجامدانی ترسناكترین قەسابخانە رێگرینەدەكرد. لە هەموو ئەو شوێنانەی بۆشی دەچوو ترس و تۆقینی بڵاودەكاتەوە. لە كاتی گەشتەكەشی كە بە گەشت لە دۆزەخی زەوی دەچوو، مارلۆ زۆر سەری بینی لە دارەكان هەڵواسرابوون. كورتزیش كە هەموو رۆژێك دوای لە خەو هەڵستان لە پەنجەرەكەی رژوورەكەی دەیبینی، ئازاری پێدەخوارد.

 لە وەسفكردنی گەشتەكەی، مارلۆ دەڵیت : “گەشتكردن لە رووبار بە گەشتكردن دەچێت بۆ دواوە، بە ئاراستەی سەرەتاكانی جیهان لەو كاتەی كە كژ و گیاكان بەشێوەی شێتی زەوییان داپۆشیبوو، درەختەكانیش شابوون. ئاوی روبارەكانیش بە زەویدا رۆچووبوون و بێدەنگی ترسناك و دارستانی چڕیش كە رێگە دەگرێت لە بینین بە ناویدا. هەواش گەرمبوو، چڕبوو،. هیچ خۆشییەك لە روناكی خۆردا نەبوو”.

لە كاتی باسكردنیش لە دانیشتوانی ئەو وڵاتەی كە لە كاتی گەشتەكەی بینیبووی، مارلۆ دەڵێت : “بەهێواشی دەمردن، ئەوەش بەتەواوی دیاربوو. ئەوان دوژمن نەبوون، بەڵكو تاوانبارانبوو، ئێستاش شتێك نییە زەوی من بێت، جگە لە تارماییی رەش پێست كە بە دەست برسیەتی و نەخۆشی دەناڵێنن كەسی دیكە نییە، بەشێوەی ئاژاوەیی لە سێبەری سەوزی تۆخ بەیەك گەیشتوون…).

* ناوەكە بە زمانی ئینگلیزی بەو جۆرەیە (Heart of Darkness)  كە ساڵی 1899 بڵاویكردەوە –  وەرگێڕ.

سەرچاوە:

WWW. alarab.co.uk

     29/4/2020