وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دووەمین پاڵپشتی دارایی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرج بکرێت، وتەبێژی وەزارەتەکەش رایگەیاند، زانکۆ و پەیمانگاکان ئاگادار کراونەتەوە دەست بەدابەشکردنی پاڵپشتییە داراییەکە بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-3-2022، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرجەم رێکارەکانی دابەشکردنی پاڵپشتی دارایی قوتابیان بۆ مانگی شوبات تەواوکردووە و داواشی لە زانکۆ و پەیمانگاکان کردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی بەسەر خوێندکاران.
ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژی یەکشەممەوە دابەشکردنی پاڵپشتی دارایی قوتابیانی بۆ مانگی شوبات دەستپێبکات، لەم کاتەشدا هەموو رێکارە کارگێڕی و داراییەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە تەواوبوون.









