وەزیرى بازرگانیى عێراق، وادەى دەستپێکردنى پڕۆسەى دابەشکردنى سەبەتەى خۆراکى تایبەت بە مانگ رەمەزان راگەیاند.
عەلا جبووری وەزیرى بازرگانیى عێراق، لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە “رۆژى یەکشەممەى داهاتوو 27ی 3 بەشە خۆراکی سەبەتەی خۆراکی تایبەت بە مانگی ڕەمەزان بەسەر بریکارەکاندا دابەش دەکرێت”.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزیری بازرگانیی عێراق، داوا لە سەرجەم بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک کراوە لە پرۆسەی دابەشکردنی دووەم سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان لەو ناوچانەوە دەست پێبکەن کە زۆرترین رێژەی دانیشتوانی هەژارنشینن.
عەلا جبورى گوتیشى “سەبەتەى خۆراکى سەرکەوتنى گەورەى بەدەست هێناوە لە چوارچێوەى پڕۆژەى نیشتیمانى بۆ دابینکردنى خۆراک و هاوکاریکردنى هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەش داوە، دابەشکردنی دووەم سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییان سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییان بۆ هەر کەسێک لە سێ کیلۆگرام برنج و یەک کیلۆگرام شەکر و نیوکیلۆگرام نیسک و نیوکیلۆگرام لەتکەنۆک و یەک لیتر زەیت و 400 گرام دۆشاوی تەماتە پێکهاتووە.









