گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە سبەی بێ لێبڕین دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/3/2022، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: “لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی مووچە و داهات کرا، بۆیه لە داهاتی مانگی سێ، سبەی بێ لێبڕین مووچەی مانگی دوو دەست پێدەکات”.

جەختی کردەوە، ئەگەرچی بەرنامەکە لای وەزارەتی داراییه، بەڵام گوتی: “پێشبینی دەکەم پێش نەورۆز مووچەی هەموو وەزارەتەکان بدرێ، خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە کە بۆ مووچە حکوومەت درێغی ناکات”.

جووتیار عادل ڕوونیشیکردەوە، بڕی 200 ملیارەکە نەنێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان، گوتیشی: “ئێمه ئامادەین شاندی سیاسیی و تەکنیکی بۆ بەغدا بنێرین و گفتوگۆ بکەین”.