كاروان محەمەد سینو
رۆژی شەممەی رابردوو؛ عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵ لە پەیامێكیدا، غافڵانە ئایدیا و هەست و بیروبۆچوونەكانی خۆی بەرانبەر هەرێمی كورستان لەدەم دەردەچێت و لەچەند دەستەواژەیەكی گومڕایی پەیەمەكەیدا؛ ئینتیمانەبوونی بۆ كوردستان ئاشكرا دەبێت.

سەرەتا پێم وابوو كە ئەمدەستەواژانە هەڵەی چاپە و تێپەڕیوە، بەڵام كە تەواوی پەیامەكەم خوێندەوە و لێی وردبوومەوە، بۆم دەركەوت كە (نەخێر)! ئەم زاتە ئەوەی لە دڵ و دەروونیدا هەیە هاتۆتە سەر زمانی، ئینجا گوتم: هەزار رەحمەت لە پێشینان كە گوتوویانە “زمان درۆ ناكات”.

ئینجا بیرم كەوتەوە كاتێك كە منداڵ بووین هەر لەبەر “ئەم زمانە” چەندین جار لاساری و چەقاوەسووییمان لێ ئاشكرا دەبوو و سەركۆنە دەكراین، تا ئەوكاتە كە تێگەیشتم كە “زمان بەڵای سەرە”.

با بگەڕێینەوە سەر پەیامی سەرۆكی كۆمەڵ، ئەو (كۆمەڵەی كە بەهای كورسییەكیان نییە)؟! و لەم هەڵبژاردنەی دواییدا، خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان دەنگیان پێنەدان و سەركۆنەی كردن، چونكە خەڵك دەیانزانی كە سیاسەت و ئاراستەی گومڕایی ئەوان لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە! و كێ ئەوانی بەگژ كوردستان و ئەزموونی هەرێمی كوردستاندا كردووە؛ بۆیە دەنگیان پێنەدان. هەروەها هەڵوێستی نەرێنی ئەوان بەرانبەر ئاڵای كوردستان و سرودی “ئەی ڕەقیب” كە لەپێناویاندا هەزارن شەهید و ئەنفال و بێسەروشوێن گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی، فاكتەری دیكەن بۆ دابڕانی ئەوان (كۆمەڵ و سەرۆكەكەی) لەخەڵكی نیشتمانپەروەر و كۆمەڵگای پاكیزە و بەشەرەفی كوردستان، كەچی سەرەڕای ئەمانە؛ وەك نەبای هاتبێ و نە باران، لە پەیامەكەیدا سەرۆكی كۆمەڵ گومڕایانە ڕوو لەخەڵكی كوردستان دەكات و هەست و بیروبۆچوونەكانی خۆی بەرانبەر هەرێمی كورستان و ئینتیمای نیشتمانیی و نیشتیمانپەروەریی خەڵكی كوردستان دەخاتەڕوو و لەكەداریان دەكات. بەڵام خۆشبەختانە دەستەواژە و گوتەكانی عەلی باپیر لە پەیامەكەیدا؛ ئاشكرای دەكات كە خودی خۆی ئینتیمای بۆ هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگای كوردستان نییە، كاتێك پەیامەكەی بە دەستەواژەی (هەرێمەكەتان…..) دەستپێدەكات و ئینجا پێدادێت خەبات و ڕاپەڕین و نیشتمانپەروەری و قوربانییەكانی خەڵكی كوردستان بەنەبوو دەكات.

هەروەها دەستەواژە و رستەكانی نێو پەیامەكەی مامۆستا عەلی باپیر كە وەسفی ریفڕاندۆم و بڕیارە نادەستورییەكەی ئەم دواییەی مەحكەمەی فیدڕاڵی دەكات، خۆی لەخۆیدا وابەستەی پەیامەكەی عەلی باپیر بە بارودۆخی ئێستای عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاشكرا دەكات و مەغزای پەیامەكەشی ئاشكرا دەبێت. وێدەچێ مامۆستا و (مامۆستاكانی)؟! نارەحەت بن بە میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بۆیە پەیامەكەی ئەم زاتە بێجگە لە موزایەدات و لەكەداركردنی حكوومەتی هەرێم و كۆمەڵگای كوردستانی لەرووی ئەخلاقی ‌و خێزانی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و نەتەوایەتی ‌و نیشتمانی و ڕەوشت ‌و خێزان ‌و ئەدەب‌ و كلتووری ڕەسەنی كوردەواری هیچی دیكەی تێدا نییە، خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ: {وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يُعْجِبُكَ قَوْلُهُ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيُشْهِدُ اللَّهَ عَلَى مَا فِي قَلْبِهِ وَهُوأَلَدُّ الْخِصَامِ} [البقرة: 204]. هەڵبەت دیاریشە كە ئەمانە خواست و مەرامی كێن و كێ دەستخۆشی لە عەلی باپیر دەكات؟!.