بەهۆی راگەیەندراوێکی سەرکۆماری رووسیا، نرخی نەوت بەرز بووەوە و گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 21-2-2022، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا، دانی بە سەربەخۆیی هەردوو وڵاتی دۆنیتسک و لۆگانسک و جیابوونەوەیان لە ئۆکرانیا، نا.
دوای ئەو راگەیەنداوەی ڤلادیمێر پوتین، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەرز بووەوە و گەیشتە 97 دۆلار و 4 سەنت.
بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا کە لە کۆتایی ساڵی 2019 لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و هەموو چالاکی و مامەڵە بازرگانییەکانی جیهانی راگرت، نرخی نەوت گەیشتە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە کەمترین ئاستە لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی رابردوو.









