سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی لیتوانیا پسی کۆچبەران تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 17-1-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گابريێليوس لاندسبێرگيس، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى لیتوانيا كرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، مەسرور بارزانی و گابريێليوس لاندسبێرگيس گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق، پەرەپێدانی  پەیوەندیی دوولایەنە و کێشەی کۆچبەران لە ئەوروپا کرد.

مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هەماهەنگییەکی پێویست لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران نیشان داوە و جەختی لە گرنگیی ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردووەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ڕێکاری توند و پێویستی گرتووەتەبەر.

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا سوپاسی هەماهەنگی و هاریکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران و ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ژمارەیەکی زۆری  کۆچبەران لە سەر سنوورەکانی بێلاروس و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان، کرد.

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارانەی جێی بایەخی هاوبەشن، نیشان داوە، بەتایبەتی لە بواری خوێندن و پەروەردە.