ئەمڕۆ، پێنجشەممە 13/1/2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەم جارەش لە شاری هەولێر ئاو کۆ بووەتەوە، بەڵام وەک دوو جاری ڕابردوو نەبووە و تەنها زیانی دارایی بووە و جه‌نابی سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌یانیی زوو په‌یوه‌ندیی كردووه‌ و چاودێریی دۆخه‌كه‌ ده‌كا.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ”هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی گواستنەوەی کارەبای هەوڵێر، سلێمانی، دهۆک. گرفتی تێ کەوتووە و کارەبا پچڕاوە، ئێستا تیمەکان سەقاڵی چارەسەری گرفتەکەن.”

پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی کردەوە کە پێشبینییەکانی کەشوهەوا ئەوە دەگەیەنێت کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ و ئەمشەویش بارانبارینی بەخوڕ دەبێت، بۆیە هەموو تیمەکانی هەولێر خراونەتە ئامادەباشییەوە تاوەکوو هاووڵاتیان سەروماڵ و گیانیان سەلامەت بێت.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: ڕاپۆرتی لیژنەکانی هەڵسەنگاندنی هەموو زیانەکانی لافاوی ڕابردوو تەواو بووە و دواتر بڕیار لە قەرەبووکردنەوەیان دەدەین.