وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد کە قوتابخانەیەک لە سنووری پەروەردەی مەخموور بەناوی قوتابخانەی شەهید بـارزان ئیسماعیل دەکرێت و سبەینێش لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی خولەکێک وەک رێزلێنان لەگیانی پاکی شەهیدان رادەوەستین.

ئەمڕۆ شەممە 4/12/2021، وەزارەتی پەروەردە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “هەموولایەک ئاگادارن کە لە چەند رۆژی رابردوو چەند ناوچەیەکی کوردستان ڕوبەرووی پەلاماری تیرۆریستان بووەوە، رۆحی شەهیدانمان ئاسوودە بێت، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین”.

ئەوەش خراوەتە روو: “لە نێو شەهیدانی ئەمجارەی پەلاماری تیرۆریستان، قوتابییەک بەناوی (بـارزان ئیسماعیل) کە تەمەنی 10 ساڵ بوو لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی لە (قوتابخانەی خدر جیجە) لەکاتی یارمەتیدانی براکانی بۆ تێکشاندنی دوژمنان و تیرۆریستان شەهید دەبێت، (شەهید بارزان)ی قوتابی، خۆی بووە قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و سوود وەرگرتن لە وانەکانی بەرگریی و ئیرادە و خۆشەویستی نیشتمان”.

وەزارەتی پەروەردە راشیگەیاندووە: “بۆ رێزگرتن لە رۆحی ئەو پێشمەرگە و هاوڵاتییانەی کە شەهید بوون لە سنووری گەرمیان و قەرەچوغ و شەهیدی قوتابی (بـارزان) سبەی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی١٢ی ٢٠٢١، پێش وانەی یەکەم لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی خولەکێک رادەوەستین وەک رێزلێنان لەگیانی پاکی شەهیدانمان و هەروەها بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێریش رادەسپێرین کە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی مەخموور بکەن بەناوی قوتابخانەی شەهید (بـارزان ئیسماعیل)”.