وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە ڕادەوەستین بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، هەروەها قوتابخانەیەکیش بەناوی شەهید بارزان دەکرێت.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند: هەموو لایەک ئاگادارن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند ناوچەیەکی کوردستان ڕوبەرووی پەلاماری تیرۆریستان بووەوە،”ڕۆحی شەهیدانمان ئاسوودە بێت”، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین.

هەروەها ڕایگەیاند: لە نێو شەهیدانی ئەمجارەی پەلاماری تیرۆریستان، قوتابییەک بەناوی (بـارزان ئیسماعیل) کە تەمەنی (دە) ساڵ بوو لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی لە (قوتابخانەی خدر جیجە) لەکاتی یارمەتیدانی براکانی بۆ تێکشاندنی دوژمنان و تیرۆریستان شەهید دەبێت، (شەهید بارزان)ـی قوتابی، خۆی بووە قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و سوود وەرگرتن لە وانەکانی بەرگریی و ئیرادە و خۆشەویستی نیشتمان.

وەزارەتی پەروەردە ڕاشیگەیاند: بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییانەی کە شەهیدبوون لە سنووری  گەرمیان  و قەرەچووغ و شەهیدی قوتابی (بـارزان) سبەی  یەکشەممە ڕێککەوتی پێش وانەی یەکەم  لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی خولەکێک ڕادەوەستین وەک ڕێزلێنان لەگیانی پاکی  شەهیدانمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێریش ڕادەسپێرین کە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی مەخموور بکەن بەناوی قوتابخانەی شەهید( بـارزان ئیسماعیل).