سەلام عەبدوڵڵا

داڕمان و ڕووخان و هەڵاتنی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان لە ماوەیەکی بێ وێنەی کورتدا، لای هەندێک ناحەز و ناهۆشیار و زرکە سیاسی نێوخۆدا، سەرابی هیوایەکی لا خوڵقاندن کە دەشێ ئەو رووداوەش لە هەرێمی کوردستان – وەک ئەوانە ڕمڵیان لێئەدا- بەزوویی رووبدات و قەوارەی هەرێم داڕمێ و کاربەدەستانیشی وڵات بەجێبهێڵن، کە هیچی رووینەدا و بەپێچەوانەشەوە بارودۆخی سیاسی بە جۆرێک خۆی نمایش کرد بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆککۆماری فەڕەنسا بۆ بەغدا و هەرێم کە خەونی نەزۆکی ئەوانە هەر زوو وەک بڵقی سەر ئاو، کەوتە بەرچاو.

ئەم سەردانە- لەم کاتەدا- ئەوەی سەلماند کە وڵاتانی دیموکراتی بە بایەخەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لە عێراق و ناوچەکە و بەتایبەتی کە ئێستا هەموولایەک ئەو ڕاستییە دەبینێت کە هەرێم بۆتە پەناگە و شوێنێکی ئارام لە عێراقی ناسەقامگیردا بۆ پێکهاتە جیاجیاکان و ئایینە جیاوازەکان کە لە زێد و بوومی خۆیان بە زەبری هێز و تۆقاندن لە ناوچەکانی خۆیان وەدەردەنرێن و هەمووشی روودەکاتە هەرێم.

سەرۆکی فەرەنسا وەک نیشاندانی ئەو ڕاستییەیە کە هەولێری لە باتی بەغدا هەڵبژارد بۆ حەوانەوەی، کە پەیامێکی ئاشکرا بوو بۆ هەموولایەک، هەروەک مەراسیمی پرۆتۆکۆلی فەرمی بۆ سەرۆکی فەڕەنسا بایەخ و گرنگی هەرێم و پێگەی بۆ دەورووبەر و جیهان نیشاندا.

بۆیە ئەم سەردانەی سەرۆکی فەڕەنسا لەم کاتە هەستیارەدا، پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ هەرێم و نیشاندانی پێگەی گرنگی هەرێمە.

سەرۆک ماکرۆن زۆر جوان هەستی خۆی بەرامبەر هەرێم گەڵاڵە کرد، کاتێک وتی:

” هێندەی کاتم لە هەرێم بەڕێکرد، لە بەغدا نەمکرد.”