وەزیری رۆشنبیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە شێوەزاری هەورامی بخرێتە پرۆگرامی خوێندنەوە.
لە نووسراوێكدا ئاڕاستەی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان داوای كردووە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و لە قۆناغی بنەڕەتیدا، وانەیەك بە شێوەزاری هەورامی بخوێنرێت، بۆ ئەوەی شێوەزاری هەورامی نەفەوتێت.
وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بە هۆشدارییەكی رێكخراوی یونسكۆ كردووە سەبارەت بە فەوتانی شێوەزاری هەورامی و روونی كردووەتەوە كە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە رێكخراوی یونسكۆ هۆشداری داوە لە فەوتان و لەناوچوونی چەندین زمان و شێوەزار كە یەكێكیان هەورامییە.
وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بەوەش كردووە كە شێوەزاری هەورامی دەیان هەزار لاپەڕە دەستنووسی كۆنی پێنووسراوەتەوە و لە رابردوودا زمانی نووسین و ئەدەبیاتی كوردی بووە، بۆیە داوای لە وەزارەتی پەروەردە كردووە لە داواكەی بكۆڵێتەوە و بیخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانەوە.









