لە دوێنێ شەوەوە كارەبای عێراق لە تۆڕی نیشتمانییەوە بڕاوە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی رابگەیەندرێت.
میدیاكانی عێراق و جیهان بڵاویان كردەوە دوێنێ شەو شاری بەغدای پایتەختی فیدراڵی و تەواوی شارەكانی ناوەڕاست و باكوور و باشووری وڵاتەكە شەوێكی تاریكی بێ كارەبایان بەڕێكردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كارەبا لە سەرچاوە و تۆڕی نیشتمانییەوە بڕاوە.
تۆڕی (رووسیا تودەی) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگەداری گواستووەتەوە كە دوێنێ شەو كارەبای تەواوی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان بڕاوە و تا ئێستاش هۆكارەكەی دیار نییە.
دوای بڕانی كارەبای نیشتمانی، موەلیدە ئەهلیەكان لە چەند شوێنێكی عێراقدا كەوتوونەتە كار و كارەبایان دابین كردووە، بەڵام هێشتا زۆر شوێنی سەرەكی شەوەكەیان بێ كارەبا بەڕێكردووە.
جێی باسە ئەم دۆخی بێ كارەباییە تا ئەم بەیانییەش بەردەوامە و لە ماوەی چەند هەفتەی رابردووشدا ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشەكانی بۆ سەر تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبای عێراق چڕ كردووەتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە ئەو كارەبایەی لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق دەنێردرا، پچڕپچڕی تێكەوتووە.









