ئەندامێكی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند، ئەمڕۆ دووشەممە (26ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021) حکومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی دووەمی ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی نارده‌ پەرلەمانی کوردستان.

وەیسی سەعید، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان به‌کوردستان24ی راگه‌یاندووه‌ : “ئەمڕۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی دووەمی یاسای چاکسازی ناردە پەرلەمانی کوردستان”.

پێشتر “ھێمن ھەورامی” جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە میدیاکانی راگەیاند، راپۆرتی دووەم جیاوازە لە راپۆرتی یەکەم و زیاتر داتا و زانیاری لە بارەی جێبەجێکردنی یاساکە له‌خۆده‌گرێت.

بڕیاریشە دوای گەیشتنی بە دەستەی سەرۆکایەتی، بدرێتە لیژنە تایبەتمەندیەکان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان و لیژنەی داراییش راپۆرتی لەسەر ئاماده‌ دەکات و حکومەت و پەرلەمانیش تاووتوێی راپۆرتەکە دەکەن.