بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەگەری دووبارەكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت: دووشەممەی داهاتوو لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە و بەپێی دۆخەكە بڕیار لە رێكارەكان دەدرێت.

د.ڕەهێڵ فەرەیدون لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنای نوێ لە هەرێم تۆمار نەكراوە، ئەو شەش خوێندكارەی هەولێریش كە گومانی كۆرۆنای نوێیان لێدەكرێت، تێستەكانیان لەڕێگەی رێكخراوی WHO دەنێرینە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانین كۆرۆنای نوێیە یان نا.

بریكاری وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندووە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆببێتەوەو بەپێی دۆخەكە بڕیار لە رێكارەكان بدات.

سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتەكەش، د. رەهێڵ فەرەیدون ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەوان وەك وەزارەتی تەندروستی، پێشنیازی كەرەنتینەكردنەوەی هاوڵاتیانیان نەكردووە، بەڵام پێشنیازیان كردووە یان سنوورەكان دابخرێن، یان هاتنی گەشتیار و هاووڵاتیانی پارێزگاكانی دیكەی عیراق سنوردار بكرێت و لەكاتی هاتنیشیان، تێستی خێرای كۆرۆنایان بۆ بكرێت و سامپڵیشیان لێوەربگیرێت بۆ پشكنینی PCR.

بەرپرسەكەی وەزارەتی تەندروستی رەتیشیكردەوە هیچ بڕیارێك هەبێت بۆ داخستنەوەی خوێندنگەكان و زانكۆو فەرمانگەكان، لەوبارەیەوە وتی:” تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ داخستنیان، بەڵام بەپێی بارودۆخەكە لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار دەدات”.