ئەو پیاوەی لە كاتی وتاری هەینیدا بەرماڵەكەی داتەكاند و نوێژی بەكۆمەڵی جێهێشت، ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت كە ناوی سەرۆك بارزانی لە لای ئەو زۆر پیرۆزە.
هیوا سالار، كارمەند لە كۆمپانیایەكی نەوتی لە سنووری هەولێر، ئەو پیاوەیە كە لە كاتی نوێژی هەینیدا لە مزگەوتی (ئیسرا و میعراج)، بەرماڵەكەی داتەكاند، لە ڕێگەی تۆمارێكی ڤیدیۆییەوە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا رای دەگەیەنێت كە كورتە ڤیدیۆكەی تەفسیری جیاوازی بۆ كراوە و رای دەگەیەنێت: ”من ناوی پێشمەرگە و سەرۆك بارزانیم زۆر لا پیرۆزە و خۆم بە خزمەتكاری ئەم وڵاتە دەزانم“.
جەختیش دەكاتەوە كە ئەو و بنەماڵەكەی قوربانییەكی زۆریان لە پێناو كوردستان داوە و خۆی نەوەی شەهیدە، ”مزگەوتیش شوێنی عیبادەتە نەك سیاسەت، بەڵام هەندێك لایەن ئەم ڤیدیۆیەم بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان و بۆ مەبەستی چەواشەكردن بەكاری دەهێنن“.









