به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر، له ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه به‌وه ده‌دات، له هه‌ولێر كەسێك بە تۆمەتی دزینی 11 هەزار و 500 دۆلارى ئه‌مریكى، دەستگیر كرا.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 30/1/2021، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر، ڕاگه‌یاندراوێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه، تێیدا هاتووه: “بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نووسینگەی ڕۆژهەڵات، تۆمەتبارێكیان بە ناوی (هـ.ح.خ) تەمەن 32 ساڵ، دەستگیر كرد، كە لە بەردەم هۆتێلێك لە شەقامی 60 مەتری، لەناو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییاندا بڕی 11 هەزار و 500 دۆلاری دزیبوو”.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ڕوو، تۆمەتباره‌كه دانی بە تاوانەكەیدا نا، كە بە جیا پێنج تاوانی دزیكردنی لە هەمان شوێن ئەنجام داوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەى 446 لە یاسای سزادان، بەند كرا، هەروەها لە كاتی دەستگیركردنیشیدا، دەست بەسەر كۆی پارە دزراوەكەدا گیرا و ڕادەستی خاوەنەكانیان دەكرێتەوە.









