ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەولێر بڵاوی كردەوە کە دوای کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە دوای پشووەکانی سەری ساڵەوە، دەوامکردن لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری ھەولێر ئاسایی دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەولێر بڵاوی کردووەتەوە کە ئاگاداری گشت ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر دەکەنەوە، لە دوای پشووی فەرمیی سەری ساڵەوە، نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری بە گشت بەشەکان و نھۆمەکان و نەشتەرگەرییەکانیەوە دەکرێتەوە و لە پێشوازی نەخۆشاندا دەبێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو بڕیارە دوابەدوای کەمبوونەوەی ژمارەی ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دێت کە لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر دەکران.

تەندروستیی ھەولێر داواشی کردووە ھاووڵاتیان ھاوشێوەی ڕابردوو بەردەوام بن لە پابەندبوون بە گشت ڕێنوێییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا.