وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ئەمڕۆ دووشەممە 21ی12ی2020 رایگەیاند، بۆ یەکەمجار ژێردەریاییەکی ئەتۆمییان بە یاوەریی چەندین کەشتیی جەنگی گەیشتە تەنگەی هورمز.
بەرپرسێک لە پنتاگۆن بە (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، هاتنی ئەم ژێردەریاییە پەیامێکە بۆ ئێران، کە ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، ژێردەریایی (یو ئێس ئێس جۆرجیا) بە زیاتر لە 150 مووشەکی جۆری تۆماهۆک هاتووەتە ناو کەنداو.
هاتنی ئەو ژێردەریاییە لەکاتێکدایە، کە ژەنەراڵ فرانک ماکینزی، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەشتێکیدا بۆ ناوچەکە گوتی، وڵاتەکەی ئامادەی هەر وەڵامدانەوەیەکە، ئەگەر ئێران بیەوێ لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانی بیکاتە سەر هێزەکانیان.
سانتکۆم، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو لە رۆژنامەنووسان رای گەیاند ”ئێمە ئامادەین بەرگری لە خۆمان و لە هاوڕێ هاوپەیمانەکانمان بکەین، ئێمە ئامادەی وەڵامدانەوەین ئەگەر پێویستی کرد“.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشیدا دووپاتی کردووەتەوە، کە ”ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر باش داین و ئامادەین، ئەگەر ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانی بیانەوێ شتێک بکەن“.
لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس نیمیتز) لەناو ئاوی کەنداودایە، هەروەها دوو فڕۆکەی زەبەلاحی ئەمریکیی جۆری (بی 52) بەم دواییانە گەیشتوونەتە ناوچەکە، بۆ پیشاندانی هێزی خۆیان بەرامبەر بە ئێران و هاوپەیمانەکانی.









