قایمقامی چۆمان رەتیدەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە تەقە لە گەشتیاران کرابێت و دڵنیایی ئەوەش دەداتە کۆمپانیاکانی گەشتیاری و گەشتیارانی نێوخۆیی و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق “ناوچە گەشتیارییەکانمان ئارامن و بە روویاندا کراوەیە”.
سوارە خۆشناو، قایمقامی چۆمان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “چەند رۆژێک پێش ئێستا لە دەزگاکانی راگەیاندن وا بڵاوکرایەوە، گوایە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقە بەسەر گەشتیاران کراوە، کە بۆ گەشت سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی ئەو دەڤەرەیان کردبوو. بۆ ئەو مەبەستەش وەکو سەرۆکی یەکەی کارگێڕی و لایەنی گەشتوگوزار بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە کرد و دەرکەوت بە هیچ شێوەیەک تەقە لە گەشتیاران نەکراوە”.









