پارێزگاری سلێمانی لەبارەی پابەندبوون بە بڕیاری بەستنی دەمامك، پەیامێك ئاراستەی هاووڵاتیان دەكات و رایدەگەیەنێت، تاكە چارەسەر خۆپارێزییەو ڕێكارەكانیش بۆ هاندانە نەك سزادان.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پەیامەكەیدا رایگەیاندووە، بە بەردەوامیی هەموومان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێكی ڕاستەقینەدا وەستاوین و ماڵ و كۆڵان و كوچەو گەڕەك و شەقام و شارو وڵات و گەردون ڕەنگی مەرگیان گرتووە، كۆرۆنا ڕێگای ژیان و هەناسەو خوێنی لە ملیۆنان كەس گرتووە.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە، تا ئەمڕۆ جگە لە خواپاراستنمان، تاكە چارەسەر خۆپارێزییە، بەستنی ماسكێك لە شوێنە داخراوەكان و پاراستنی دوریی نێوانمان لە شوێنە كراوەكاندا، جگە لەوەی دەبێتە پاراستنی خۆمان و دەوروبەرو خۆشەویستانمان، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئەوەی جارێكی تر چڕیی و زۆریی توشبووان و لێشاوی شاڵاوی پەتاكە ناچارمان نەكەن دەست بە كەرەنتینەو قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ و داخستنی هەموو شوێنەكان بكەینەوە.
پارێزگاری سلێمانی، باسی لەوەشكردووە، ڕێكارەكان بۆ سزادان نییە، بەڵكو بۆ هاندانی هاووڵاتیانە، تاوەكو پابەندی خۆپارێزی بون، راشیگەیاندووە، ژیانی هاووڵاتیان لە سزادانی هەر سەرپێچیكەرێك، بەهادارترو بەنرخترە.









