ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ناوەندەکانی خوێندن بەردەوام دەبن لە دەوامکردن تاوەکو کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای کۆرۆنا.
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دراوە، هەروەها لە رۆژی 01-11ی جارێکی دیکە لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆدەبێتەوە. دەشڵێت “بڕیار دراوە هەر کەسێک ماسک نەبەستێت سزا دەدرێت و لیژنە بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە.”
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان گوتی، “بڕیاردراوە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل کراوە بن، بەڵام لەژێر چاودێری ورد دەبێت. لەبەرئەوە هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی تورکیا و ئێران بکەن.”
سەبارەت بە دەوامی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، د. ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ئەو وانانەی کە گرنگن و پێویستن، هەروەها تاقیکردنەوەکان لەنێو زانکۆکان دەبن. زانکۆکان پێویستیان بەوەیە دەرگای زانکۆکان بکرێنەوە و بەشە ناوخۆییەکان بکرێنەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت”.
وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، “بەهیچ شێوەیەک دەوام نەکردن نییە و دەبێت خوێندکارانیش بەباشی بخوێنن و بەهیچ شێوەیەک خوێندن دواناخرێت و دەوامکردن بەردەوام دەبێت.”
هەروەها د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوە بڕیاریداوە کە خوێندن بەردەوام بێت تاوەکو کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە مانگی رۆژی 01-11ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێکار گیراونەتەبەر لەبارەی خوێندنگەکان و دەبێت هەموو قوتابخانەکان پابەندبن پێیەوە، لەبەرئەوە دەبێت هەموو قوتابی و مامۆستایان پابەندبن بە دووری نێوانیان لە پۆلدا و هەروەها هەموویان ماسک ببەستن. دەشڵێت “بە سوپاسەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر 540 ملیۆن دینار دەربڕیوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان.”
وەزیری پەروەردە ئاماژە بەوەش دەدات، کە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەکو بژاردەی یەکەم لە وەرزی یەکەم بەردەوام دەبێت و چاوەڕێی دۆخەکە دەکەین بزانین کە چی بەسەر دێت و دواتر بڕیاری دیکە دەدەین.









