بکوژی خێزانە کوردەکەی بەغدای پایتەختی عێراق، وردەکاریی تاوانەکەی ئاشکرا دەکات.
رۆژی سێشەممە 15-9-2020، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی دارا رەئوف و هاوسەرەکەی و شیلانی کچیان، کە پزیشکی دەرمانساز بوو، لە ماڵەکەیاندا لە ناوچەی مەنسوڕ لە بەغدا، بەشێوەیەکی دڕندانە بە دەستی هاووڵاتییەکی بەغدا بە ناوی مەهدی حوسێن مەتەڕ، کوژران.
مەهدی حوسێن مەتەڕ، کە دوای یەک رۆژ لە تاوانەکە لەلایەن کارمەندانی ئاسایشی هەولێر لە هۆتێلێکی هەولێر، دهستگیر كرا و دانی بە تاوانەکەیدا نا، لە دان پێدانانی ئەمڕۆیدا بۆ پۆلیسی عێراقی، وردەکاریی تاوانەکەی ئاشکرا کردووە.
مەهدی حوسێن مەتەڕ دانی بەوەدا ناوە، کە بە مەبەستی دزینی پارە ئاشنایەتی لەگەڵ دارا رەئوف دروست کردووە و رۆژی تاوانەکەش، هەڵی کوتاوەتە سەر شوقەی بۆ کوشتنی، لەو کاتەدا هاوسەری دارا دەرکەوتووە و سەرەتا بە چەقۆ ئەوی کوشتووە.
دوای کوشتنی هاوسەری ئەو هاووڵاتییە کوردە، ئەو تۆمەتبارە بە دارا رەئوفی گوتووە پارەکەت لە کوێیە؟ ئەویش گوتویەتی ”پارەم نییە“، دواتر بە چەقۆ ئەویشی کوشتووە.
بکوژەکە هەروەها دانی بەوەدا ناوە، کە دوای کوشتنی ژن و پیاوەکە، لە ماڵەکەدا بە دوای پارەدا گەڕاوە و لەو کاتەی ویستوویەتی بێتە دەرەوە، شیلانی کچی قوربانییەکان گەڕاوەتە ماڵەوە و ئەویش بە زۆرەملێ بردوویەتییە ژوورەوە.
دواتر شیلان، کە بۆی دەرکەوتووە ئەو تۆمەتبارە دایک و باوکی کوشتووە، بە تەبڵەی جگەرە لێی داوە و دواتریش تۆمەتبارەکە بالیفی لەسەر دەمی شیلان داناوە و کوشتوویەتی.
https://youtu.be/txwFRNoqqSg









