لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێره‌وه‌، زانکۆی ئەمریکیی كوردستان لە دهۆک بڕێکی دیکەی هاوکارییە ته‌ندروستییه‌كانى ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كرد.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 6/9/2020، زانکۆی ئەمریکیی کوردستان له‌ دھۆک، ھاوکاریی تەندروستی پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كرد، له‌ مه‌راسیمه‌كه‌شدا د. سامان به‌رزنجى، وه‌زیرى ته‌ندروستى له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا گوتى: “ئەو هاوکارییانەی ئەمڕۆ وەریدەگرین کاریگەریی هه‌یه‌ لە ڕووبەڕووبوونەوەی په‌تاى کۆرۆنا، چونکە پێداویستیی ڕۆژانەن و بارگرانییەکی زۆرە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان”.

باسى له‌وه‌ش كرد: “وێڕای هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، هاوکاریی ڕێکخراو و دامەزراوەکانیش کاریگەر بوون لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا”.

هەر لەو مەراسیمەدا وەزیری تەندروستی ئاماری 24 کاتژمێری كۆرۆناى خسته‌ ڕوو، كه‌ پێنج هه‌زار و 413 پشکنین ئەنجام دراوە، 574 حاڵەتى نوێى تووشبوون به‌ كۆرۆنا تۆمار کراون، له‌نێویاندا 336 حاڵەتیان لە دهۆک بوون و 121 حاڵەتیش لە هەولێر بوون، هەر لە 24 كاتمژێرى ڕابردوودا 299 كه‌س له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆرۆنا چاك بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ 221یان له‌ هه‌ولێر بوون، 21 حاڵه‌تى مردنیش تۆمار كراوه‌، كه‌ له‌نێویاندا 10یان له‌ سلێمانى بوون، حه‌وتیشیان له‌ هه‌ولێر بوون.

پێشتر زانکۆی ئەمریکیی کوردستان له‌ دھۆک، هاوكاریی پزیشكى له‌ دهۆك دابه‌ش كردووه‌، ئه‌مجاره‌ش زانكۆكه‌ هاوكاریی پزیشكى پێشكه‌شى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كرد بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان سوود له‌ هاوكارییه‌كان وه‌ربگرن، كه‌ 183 كارتۆن هاوكاریی پزیشكیی جۆراوجۆر بوون و تایبه‌تن به‌ خۆپارێزی له‌ په‌تاى كۆرۆنا.