سەرچاوەیەک لە تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دکتۆر یاسین، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەی پشت ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
د. تەها مەحوی، نەقیبی لقی سلێمانیی سەندیكای پزیشكانی كوردستان بە تۆڕی میدیابی رووداوی راگەیاندوه‌ ، ئەمڕۆ چوارشەممە دكتۆر یاسین تاهیر شەریف لە ماڵەكەیدا لە گەڕەكی تووی مەلیك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا‌وە.
نەقیبی لقی سلێمانیی سەندیكای پزیشكانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، “بەدواداچوونمان كردووە، هیچ گرفتێكی وای نەبووە. بۆیە هۆكاری خۆكوشتنەكەی تاوەكو ئێستا نادیارە”.
هەروەها سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە روداوی راگەیاند، “بە گوللـەیەک لە نهۆمی سێهەمی ماڵەکەیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە”.
گوتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوە کرد، “ئەو دەمانچەیەی پزیشکەکە بەکاریهێناوە  جۆری”تارق” بووە و دوو منداڵیشی لە ماڵەوە بوون، بەڵام پێیان نەزانیووە و هاوژینەکەیشی لە ماڵ نەبووە”.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە سەرکەوت ئەحمەد گوتی، “هۆکارەکەی دیار نییە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و ئێستاش تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەرییە”.