هێزێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی دەست بەسەر دوو دەروازەی سنووری لە باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا، دەگرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 11-7-2020 سوپا و هێزە عێراقییەکان  ئۆپه‌راسیۆنێكیان  لەژێر ناوی قۆناغی چوارەمی پاڵەوانانی عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دیالە، ئەنجام دا.

ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆ و بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجام دراوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، هێزێکی وەڵامدانەوەی خێرا، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقییە، دەستی بەسەر هەردوو دەروازەی سنووریی مەندەڵیلە نزیک مەندەلی و مونزەری لە خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالەدا گرتووە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هێزێکی تایبەت بەشێوەیەکی بەردەوام لەو دوو دەروازەیە جێگیر دەکرێ.

پەرلەمانتار و چاودێرانی سیاسی بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن گرووپ و میلیشیا چەکدارییە تائیفی و حزبییەکانی عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە و داهاتەکانیان بۆ ئەو گرووپ و میلیشیایانە دەچێت.