خەبات/ مەریوان نەقشبەندی
كەسایەتییەكی عێراقی ئاماژە بە خراپبوونی رەوشی عێراق و بەرزبوونەوەی كێرڤی هەرەشەكانی ئێران لەسەر دەوڵەتی عێراق دەكات و لە باسكردنی كێشەی عەرەبی سوننەش دەڵێ: ئەگەر سوننەی عێراق یەكنەگرن و بە پشتیوانی كورد داوای جێبەجێكردنی سیستمی فیدراڵی نەكەن ئەوە كەركووك و ئەنبار و مووسڵ و سەلاحەدینیش دەكەوێتە ژێر هەیمەنەی تاران.

ئینتیفاز قەنبەر كەسایەتی سیاسی و سەرۆكی حزبی موستەقبەلی دەستووریی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی عێراقی ئاماژەی بە بارودۆخی ئێستای عێراق و هەوڵەكانی مستەفا كازمی بۆ دوورخستنەوەی دەستی دەرەكی لە عێراق كرد و گوتی: لەو باوەڕەدا نیم مستەفا كازمی بتوانێت ئامانجەكانی بهێنێتەدی لەعێراقدا، چونكە لە لایەك حزب و كوتلەی نییە تا لەپەرلەمان پشتگیری بكەن، لەلایەكی تریشەوە توانای رووبەڕووبوونەوەی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بەئێرانی نییە لە عێراقدا .
ئەم كەسایەتییە سیاسییە عێراقییە كە ئێستا نیشتەجێی ئەمەریكایە و لەشاری دیوانیە لەدایكبووە، لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: پێویستە بە خێرایی سەركردەكانی سوننەی عێراق كۆببنەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ كورد هەرێمێكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان رابگەیەنن و داوای جێبەجێكردنی سیستمی فیدراڵی بكەن ئەگەرنا حەشدی شەعبی دەبێتە حاكمی موتڵەقی سەرجەم ناوچە سوننییەكان و شتێك بۆ عەرەبی سوننە نامێنێتەوە. لەبارەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئینتیفاز قەنبەر گوتی: ئێستا ئەو ناوچانە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق كێشەی لەسەر نییە، بەڵكو بۆتە كێشەی ئێران و بەڕێز مەسعود بارزانی و تەنها بارزانی ماوە لەعێراقدا وەك بەربەست لەبەردەم تاران و هێزە سیاسییە شیعەكانی سەر بەئێران و میلیشیاكانیان.