فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە بارەی هەڵکوتانە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی دەڵێت، زانیارییان هەبووە کە ئەو کەسانە بەشداربوون لە هێرشی رۆکێتی بۆ سەر ناوچەی سەوز و جارێکی دیکە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر هەندێک دامەزراوەی حکومەت لە ناوچەی سەوز.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی 26-6-2020 بڵاوکراوەتەوە هاوتووە، بە فەرمانی دادوەر چواردەکەس لەلایەن هێزی دژە تیرۆرەوە دەستگیرکراون و پاشان رادەستی لایەنی پەیوەندیداریان کردوون تاوەکو لێکۆڵینەوەی دادگا تەواو دەبێت.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هەندێک لایەنی چەکدار “کە نایانەوێت بێنە ژێر رکێفی دەوڵەت و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان” تۆمەتبار دەکات بەوەی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکەوە جووڵەیان بەرەو ناوچەی سەوز کردووە و ویستویانە هێرش بکەنە سەر دەزگای دژە تیرۆر.
 هاوکات هۆشداریدەدات لە بەکارهێنانی “سەرچاوەکانی دەوڵەت” کە مەبەستی ئامراز و سەرچاوەکانی حەشدی شەعبییە لە وەها جوڵانەوەیەکی “مەترسیدار” و دەڵێت قبوڵکراو نییە.
فەرماندەییەکە دەڵێت بەردەوام دەبن لە شوێنپێکردنی ئەو لایەنانەی “ئاسایشی” عێراق تێکدەدەن.
رووداو