سەلام عەبدوڵڵا
دوێنێ سێشەممە 23/6/2020 شاندێكی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێم بۆ دانوستاندن لەگەڵ حكوومەت، بۆ چارەسەری گرفتەكان، گەیشتە بەغدا، ئەگەرچی دانوستانێكی زۆر لەو بارەیەوە كراوە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنێكی بنجبڕ كە كۆتایی یەكجارەكی بەم كێشانە بھێنێت و ھەموو ساڵێك ئەم گرفتانە دووبارە نەبنەوە.
ھەرچەند ماوەیەك لەمەوبەر رێككەوتنێك لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی پێشوو عادل عەبدولمەھدی كرا، بەڵام وادیارە لە عێراق كە حكوومەت دەگۆڕدرێ، ئیدی ئەو رێككەوتنانەی حكوومەتی پێشوو بایەخی نامێنێت و بەغدا پێوەی پابەند نابێت.
كرۆكی ئەم گرفتانەش لە تەفسیری نادروستی حكوومەتی عێراقییەوەیە كە خاڵەكانی دەستوور بە ئارەزووی خۆی راڤە دەكات و پشت بە دەقە دەستوورییەكان نابەستێ و ئەوەی تەنیا لە بەرژەوەندی خۆیەتی دەیخاتە سەر مێزی گفتوگۆ و دەیەوێ دانوستاندنی لەبارەوە بكات.
حكوومەتی ھەرێم پابەندی دەستوورە و دەیەوێ ھەموو گرفتەكان لە رێگەی دەستوور و لەكاتی گرفتەكانیشدا لە رێگەی دادگای باڵای فیدڕالییەوە چارەسەر بكات.
بەڵام پێداگریی حكوومەتی عێراقی، لەسەر ناردنی مووچەی ھەرێم و شایستە داراییەكان، تا دێت گرفتی بۆ دروستدەكرێت.
بەپێی نووسراوێكی پێشووتری حكوومەتی عێراقی، داواكارییەكانی لە ھەرێم دوو خاڵی گرنگی تێدایە:
یەكەم، رادەستكردنی تەواوی دۆسییەی نەوتی ھەرێم بە بەغدا.
دووەم، رادەستكردنی تەواوی داھاتی خاڵە سنوورییەكان و داھاتی ناوخۆ. جا ئەگەر ئەجێندای دانیشتنەكە بەو شێوەیە بێت كە حكوومەتی عێراقی دەیەوێت، ئیدی چ مانایەك لە سەروەری و قەوارەی ھەرێم وەكوو ھەرێمێكی فیدراڵ لە عێراقدا دەمێنێتەوە؟
ئایا مەبەست لەم داوایانەی وكوو رادەستكردنی تەواوی دۆسییەی نەوت و ھەموو داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان، نەھێشتنی ناوەڕۆكی سیستەمی فیدراڵی نییە و مامەڵە لەگەڵ ھەرێمدا وەكوو پارێزگایەك نییە؟
كە ئەوەش دەقاودەق دژی مادەی (117)ی دەستووری عێراقی یە كە دەڵێ:
( ئەم دەستوورە لە رۆژی جێبەجێكردنییەوە بڕیار دەدات كە ھەرێمی كوردستان و دەسەڵاتە دامەزراوەكانی، ھەرێمێكی فیدڕاڵییە.)
ئەم دەستوورە لە كاتی جێبەجێكردنیدا، دان بە ھەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانیدا وەك ھەرێمێكی فیدڕاڵ دەنێت.
جا بە نیسبەت داھاتی نەوتەوە، ئەوا حكوومەتی عێراقی زانیاری تەواوی لەوبارەیەوە، رۆژانە، لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە لە بەردەستدایە و دەزانێ چەند بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە دەكرێ و دەستكەوتی ھەرێم چەند بووە.
سەبارەت بە داھاتی خاڵە سنوورییەكانیش، ئەوا ھەر بەپێی دەستووری عێراقی دەتوانرێ مامەڵە لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا بكرێ، چونكە بەپێی مادەی (114) ئیدارەكردنی گومرك، بە ھاوئاھەنگی دەبێت لەگەڵ ھەرێمدا، كەواتە ئەم خاڵەش دەتوانرێت كۆنترۆل بكرێت و حكوومەت لە بەغدا دەتوانێت زانیاری تەواوی سەبارەت بە داھاتی ھەرێم دەستبكەوێت.
بە كورتی، گەر دەستووری عێراقی وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت ئەوا تێكڕای گرفتەكانی نێوان حكوومەت و ھەرێم چارەسەر دەكرێ.
شایانی باسە، ھەر لەم ھەفتەیەدا، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێكی باڵا بۆ زەمینە سازی و لێكنزیكبوونەوە لەگەڵ بەغدا سەردانی بەغدای كرد كەوا چاوەڕواندەكرێ كەشێكی لەبار و ئارامی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا خوڵقاندبێت.