ئا- خەبات: ئەندامی لێژنەی ئاساییكردنەوەی كەركووك، شاخەوان عەبدوڵڵا باس لەو ململانی و ناسەقامگیرییە دەكات كە ئێستا لە كەركووك هەیە، بە تایبەتی لەدوای 16ی ئۆكۆتبەری 2017 دۆخی سەقامیگری ئەو ناوچەیە یەكجار خراپ بووە و چەكدارانی داعش سەریانهەڵداوەتەوە، هێزە ئەمییەكانیش ناتوانن بەرگری لە خۆیان و هاووڵاتییان بكەن، شاخەوان عەبدوڵڵا كە لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان كار دەكات لە چوارچێوەی ئەو لیژنەیەی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دروستكراوە، بە گوتەی ئەو، هەوڵی لیژنەكە نەهێشتنی تیرۆرە لە رێگەی گەڕاندنەوەی سەقامگیری سیاسی و ئیداری و بۆ ئەو پارێزگایە، هاوكات باس لە چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە كەركووك دەكات.
تێكچوونی دۆخی
ئاسایشی كەركووك
شاخەوان عەبدوڵڵا لە سەرەتای باسەكەدا وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی كەركووك و قۆناغ بە قۆناغی پەرەسەندنی گرووپە تیرۆریستییەكان لە ناوچەكە، دەڵێت: دۆخی ئەمنی ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت لە سێ قۆناغی جیاواز هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەویش، دوای رووخانی رژێم تا هاتنی داعش، قۆناغێك دوای هاتنی داعش تا ساڵی 2017 و قۆناغی سێیەم، قۆناغی دوای ساڵی 2017 بوو. وەك ئەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا باسی دەكات، هەر كام لە قۆناغە جیاجیاكانی دۆخی ناوچەكە، گرووپ و لایەنی جۆراوجۆر زیانیان بە سەقامگیری كەركووك گەیاندووە و دواجاریش سەپاندنی پارێزگار بە یەكجار دۆخی كەركووكی تێكداوە و نیگەرانی خەڵكی شارەكەی لێكەوتووەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنی كەركووك لە ئێستادا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە هەوێنی رێكخراوە تیرۆریستییەكان كە خەڵكی ناوچەی حەویجە و رەشاد و ریاز بوون، دەستیان بەسەر شارەكەداگرتووە و نموونەش بۆ قسەكەی دێنێتەوە كە هەر حەویجەییەك پارێزگارە، قایمقامە و بە دڵی خۆیان هەڵسوكەوت دەكەن و دەڵێت: دوای ریفراندۆم و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، هێزێكی كوردی لەژێر گوشاری لایەنێكی ئیقلیمی بە شێوەیەك لە شێوەكان بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوتی كەركووك، رێككەوتنێكی وایان كرد كە كەركووكیان لەژێر دەستی پێشمەرگە دەرهێنا و لە دوای ئەو بەروارەوە رەوشی ئەمنی كەركووك بەرەو تێكچوون چوو.
ئاساییبوونەوەی دۆخی كەركووك بە هۆی خۆپیشاندانەكانی بەغدا تێكچوو
دۆخی كەركووك دوای ئەو هەموو ئاڵۆزیانە، لە ئەگەری رێككەوتنێك، یەكەم لە نێوان هێزە كوردییەكان خۆیان و دوایی هەرێمی كوردستان و بەغدا نزیك بوو. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك كە لە لایەن نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و خاتوو پلاسخار خۆی چاودێری دەكات، لای پارتی من و لای یەكێتی كاك خالید شوانی بەشدار بووین. زۆر لێژنەیەكی گەورە و سەركەوتوو بوو، چونكە هەموو دۆسییەكانی ئیداری، ئەمنی و سەربازیی تاوتوێ دەكرد و جیا لەوەش لێژنەیەكی حكوومیش هەبوو كە هەردوو لیژنەكە پەیوەندیمان هەبوو و هەموو رێككەوتنێك كرا و بڕیار بوو مانگی 9ی ئەیلوولی 2019 واژووی بكەین و حكوومەتی عێراق و هەرێمیش گەیشتنە رێككەوتن بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لە كەركووك بەڵام قەیران لە عێراق دروست بوو و عادل عەبدولمەهدی دەستیلەكاركێشایەوە و ستافی نووسینگەكەشی كە ئەندامبوون لە لێژنەكان نەمان، بۆیە رێككەتنەكە نەچووە بوای جێبەجێكردن و تا ئێستاش هەر ماوە.
بەپێی رێككەوتنەكە وەك شاخەوان عەبدوڵڵا باسی كرد، بڕیار دراوە كە بارەگای حزبەكان هەموو بگەڕێتەوە و پاسەوانی خۆیان هەبێت و پێویست بەوە نەبێت خەڵكی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بیانپارێزێت. ئەو گوتیشی: بەبێ چەك ناگەڕێینەوە و بۆیە بڕیار درا كە هیچ هێزێكی لێ نەبێت و فیرقەیەك دروست بكرێن لە هەموو پێكهاتەكانی شارەكە و تا ئەو كاتیش هەموو هێزەكانی حەشد و ئیتحادی دەربچن، هێزێكیش دروست بكرێت بە دەوازدە هەزار سەربازەوە كەركووك بپارێزێت. پۆلیس وەك خۆی بمێنێ و دەزگا زانیارییەكان لە خەڵكی كەركووك بێت و دۆسیەی ئەمنی كەركووك رادەستی كەركووكییەكان بكرێت.
لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لە ساڵی 2019 بە مەبەستی دیالۆگ و لێكنزیككردنەوەی پێكهاتەكانی كەركووك دروست بووە و لە رێككەوتی 2019/3/12 یەكەم كۆبونەوەی لەبەغدا و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتوەكان دەستپێكرد، بەپێی قسەكانی شاخەوان عەبدوڵڵا لە ئێستادا كە حكوومەتی كازمی دەستبەكار بووە و دۆخی ناوچەكەش رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپبوون دەچێت، ئەگەری دەستپێكردنی كاری ئەو لێژنانە هەیە.
گۆڕینی راكان جبووری وەك پارێزگار لە دەسەلاتی كازمی دایە
دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی، كە هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی خۆی بۆ خۆی و كابینەكەی راگەیاند، ئەو ئومێدەی لای كورد دروستكردووە كێشە و ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكرێت و مێزی دانوستان بكرێتە چەقی یەكلاكردنەوەی گرفتەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شاخەوان عەبدوڵڵا بە گومانەوە سەیری دۆخەكە دەكات و دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی پێشتر كاتێك وەك لیژنەی ئاسایش و بەرگری كاری لەگەڵ كازمی كردووە، بەڵام ئەگەر هەیە لەژێر گوشاردا كازمی نەتوانێت هەموو خواستێكی كورد جێبەجێ بكات و دەڵێت: دەبوایە رێككەوتینی سیاسی بكرێت لەسەر هەموو بابەتەكان. رەنگە كازمی لەژێر گوشاری شیعەدا هەموو شتێك نەتوانێت بكات. ئەوان (سیاسییەكانی شیعە) تێڕوانینیان بەرانبەر ئێمە دوژمنكارانەیە و رای گشتی خۆشیان وا تێگەیاندووە و كە لەسەریان بارین. لەبارە ئەگەری گۆڕینی پارێزگاری كەركووك، كە كورد بە مافی خۆی دەزانێت، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: لە ئێستادا دانانی پارێزگاكان تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆكوەزیران دایە، لە پاڵ هەموو كێشە سیاسی و ئابوورییەكان كە ئێستا لە عێراق هەیە، بە لای ئەوان پرسی كەركووك زۆر گرنگە و جەختی لەوە كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە پەرۆشە بۆ چارەسەری دۆخی كەركووك.
چەكدار كردنی هۆزەكان دژ بە داعش هەڵە بوو
سەرهەڵدانەوەی داعش، تەنیا گریمانەیەكی ئەمنی نییە، بەڵكوو بەواقیع جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی لە هەندێك ناوچە، ئەو نیگەرانییەی لای هەرێمی كوردستان دروستكردووە كە بەئاشكرا لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان و سەرۆكوەزیران، لەبارەی دۆخی هەندێك ناوچەی عێراق بە تایبەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەنێوان بەغدا و هەولێر هێنایە دەنگ، وێڕای هۆشداریدان لە پەرەسەندنی تیرۆر، رێكخستنە چەكدارییە نهێنییەكانی داعش رۆژانە پەلاماری نەك تەنیا هێزە ئەمنییەكان دەدەن، بەڵكو جووتیارانی كورد و دەغڵودانیشیان لە دەستی هێرشەكانیان پارێزراو نین و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە بە گوتەی شایەتحاڵان بتوانن لە بۆشایی ئەمنی هەندێك ناوچە كەڵك وەربگرن و كۆنترۆڵی ناوچەكە بكەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، وەك كەسایەتییەكی سیاسی دیاری كەركووك كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنەرایەتی ئەو لێژنەیە دەكات كە لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان كار دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، شاخەوان عەبدوڵڵا لەو باوەڕەدایە كە دەستێكی دەرەكی لە پشت داعش بوو لە هێنانیان لە سووریاوە بۆ عێراق و گوتی: بەشێكی زۆری شارەكانی سووریا كەوتبووە ژێر دەستی داعش و دەسەڵاتی سووریا نزیك بوو لە رووخان، بەشێكی زۆری شارەكانی كەوتبوون و داعش تەنگی بە رژێمی سووریا هەڵچنی بوو. بۆیە گومانی ئەو هەبوو كە دەستێكی سیاسی داعشی هێنا بۆ عێراق بۆ ئەوەی ئەو گوشارانە لەسەر رژێمی سووریا نەمێنێت و داعش داخلی عێراق بوون.
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا كە ئەو كات ئەندام بوو لە لێژنەی بەرگری و ئاسایش و ئەركی لێكۆڵینەوە و نووسینی راپۆرتی تایبەت بووە لەسەر كەوتنی مووسڵ كە دووەم گەورەشاری عێراقە و خەلافەتەكەی داعشی تیادا راگەیەندرا، تەنیا 300 چەكداری داعش كە پێشتر مەشقیان پێكرابوو، هێرشیان كردووەتە سەر مووسڵ. ئەو دەڵێت: خەڵكی مووسڵ و دەورووبەری پێیان وابوو داعش فریادرەسیانە و پێیان وابوو ئەو زوڵمەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و میلیشیاكانەوە كە پێیان دەگوترا هێزی سەفەوی و سەرانەیان لێوەردەگیرا و كوڕیان لێ دەبردرا و دواییش تاوانی تیرۆریان دەخستنە پاڵ، بووە هۆی ئەوەی كە پێیان وابوو رزگاریان دەكات، بۆیە خۆیان تەسلیمی داعش كرد و ئەو هەڵستانەوە جەماوەرییە وایكرد كە زۆربەی هێزە ئەمنییەكانیش نەتوانن پێشیان پێ بگرن كە تەنها لەناو مووسڵ، 65 هەزار كەسی ئەمنی و سەربازیی هەبوون.
ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق لە دوایین بنكەی داعش واتە ناوچەكانی باشووری كەركووك بۆ شاخەوان عەبدوڵڵا جێگای گومانە و نایشارێتەوە كە ئاگاداری ئەوە نییە لە چوار هەزار چەكداری رێكخراوەكە چەند كەس گیراون یان كوژراوە و دەڵێت: سوپای عێراق بەر لە 16 ئۆكتۆبەر ئۆپەراسیۆنێكی لە ناوچەكانی حەویجە ئەنجام دا و بەپێی راپۆرتەكانی ئێمە وەك لیژنەی ئاسایش و بەرگری كە بەرزمان كردەوە بۆ فەرماندەی هێزەكان كە عەبادی بوو، حەویجە دوایین ناوچەی عێراق بوو كە لە داعش پاككرایەوە و چوار هەزار چەكداری تیادا بوو، بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنەكە یەك داعش نە دەستگیر كرا و نە كوژرا. كەواتە ئەو داعشانە بۆ كوێ چوون؟ مانەوەی ئەو چەكدارانە و بوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە بۆتە هۆكاری ناسەقامگیری ئەمنی.
یەكەم رووبەڕووبوونەوەی داعش
ئەو ئەندامەی پێشووی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق باس لە یەكەم رووبەڕووبوونەوەی داعش دەكات دوای ئەو هەموو پێشرەوییەی كە چەكدارانی رێكخراوەكە كردبوویان و دەڵێت پڕۆژەیەكی ئەمەریكییەكان هەبوو كە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و سوپاسی عێراقەوە بپارێزرێت، بڕیار درا كە لە كەركووك بەشی باشوور و رۆژئاوای باشوور بكەوێتە دەست سوپای عێراق و باكوور و رۆژهەڵاتی كەركووكیش كەوتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و تا 2014 ئەو دۆخە بەو شێوەیە بوو و تا ئەو كاتەی كە سوپای عێراق لە ناوچەكانی خۆی داڕما و چۆلیان كرد و مەترسی هات و گەیشتە شەریكەی غازی كەركووك كە تەقینەوەی یان دەست بەسەرداگرتنی كاریگەری لەسەر هەموو كوردستان و ناوچەكەش دەبوو. بۆیە پێشمەرگە و خەڵكی ناوچەكە بەپەلە رووبەڕووی داعش بوونەوە و ئەوە یەكەم رووبەرووبوونەوەی داعش بوو و لە مەخمووریش پێشمەرگە رووبەڕوویان بوویەوە و بەو شێوەیە پێشمەرگە بڕیاری دا كە ناوچەكانی خۆی بپارێزێت، بۆیە هەزاران شەهید و بریندارمان دا بۆ ئەوەی كەركووك، خورماتوو، مەخموور نەكەوێت، شنگال كەوت، بەڵام بە خوێنی پێشمەرگە رزگار كرایەوە.
هۆكاری كشانەوی ئەمەریكا لە هەندێك ناوچەی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا پەردە لەسەر هۆكاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق هەڵدەماڵێت و داوایەكی مایك پۆمپیۆ لە عادل عەبدولمەهدی ئاشكرا دەكات كە سەری نەگرتووە، بۆیە ئەمەریكییەكان بڕیاری كشانەوەیان لە هەندێك ناوچەی عێراق داوە. ئەو لەم بارەیەوە گوتی: مانگی شەشی ساڵی رابردوو، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پەیامێكی بە عادل عەبدولمەهدی دا كە ئەوان لەگەڵ نەمانی حەشدی شەعبین، یان تێكەڵكردنی بە هێزەكانی دیكە (سوپا و پۆلیس و ..) یان بە ئامانج دەكرێت. بۆیە عادل عەبدولمەهدی كۆبوونەوەیەكی كرد لەگەڵ ئەوان حەشدی شەعبی و بڕیارێكی دەركرد لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق تێكەڵ بكرێن، بەڵام دواجار سەركردەكانی حەشدی شەعبی پاشگەزبوونەوە و وەك خۆیان مانەوە و ئەوە وایكرد كە لە زۆر ناوچە دوور بكەونەوە و بارەگاكانی خۆیان كەم بكەنەوە. ئەگەر حكوومەتی عێراق ئەو داوایەی ئەمەریكییەكانی جێبەجێ بكردبایە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانە و چوونی بۆ ژێر ركێفی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان، ئەو بارەگایانەی خۆی نەدەگواستەوە و كەمی نەدەكردەوە و دواجار هاوكاری لەگەڵ دەزگاكانی هەواڵگری دەكرد و ئەوە دەبووە هۆی ئەو میلیشیایانەی ئەگەر لەناو سوپادابان، نەتوانن ئەجێندای بیانی جبەجێ بكەن. گوتیشی: یەكێك لە دۆسیە هەستیارەكان كە كازمی لەسەرێتی چارەسەری بكات، دۆسیەی حەشدی شەعبییە.
تا ئێستاش ئاسمانی عێراق و هەستانی F16 بە ئەمری ئەمەریكییەكانە
كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكانی كەركووك وەك فاكتێكی سەرەكی بۆ واڵاكردنەوەی دەرگای جموجۆڵی داعش لە ناوچەكە سەیر دەكرێت و بەپێی قسەكانی ئەو ئەندامەی پێشووی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەریكییەكان بۆ پاراستنی بنكەكانی خۆیان چاودێری ناوچەكە دەكەن و رۆژانە دەرچوونیان هەیە و كێوماڵی ناوچەكە دەكەن، بۆیە بوونی ئەوان خزمەت بە سەقامگیری لە ناوچەكە دەكات. ئاشكرایشی دەكات كە سەرەرای ئەوە عێراق فڕۆكەی F16ی وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستاش هەستانی ئەو فڕۆكانە لە دەسەلاتی ئەمریكییەكاندایە و ئاسمان بە دەستی ئەوانەوەیە. دەشڵێت: تا ئێستا توانای سەربازی عێراق لەو ئاستەدا نییە كە بتوانێت رووبەڕووی ئەو دۆخە ببێتەوە وەك ئەوەی ئەمریكییەكان لە توانایاندایە.
چەكداركردنی هۆزەكان ئەزموونێكی شكستخواردووی عێراقە
چەكداركردنی هۆزەكان كە حكوومەتی عێراق لە هەندێك ناوچەی ئەو وڵاتە وەك پلانێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەكاری دەهێنێت، بە بۆچوونی شاخەوان عەبدوڵڵا تەسلیمبوونی عێراقە بەو راستییەی كە لەو وڵاتە هەیە. ئەو پێیوایە كە لە نەبوونی سوپادا كە بەرگەی شەڕی تیرۆری نەگرتووە لە هەندێك ناوچەدا، چەكداری هۆزەكان دادەمەزرێنن كە شەڕ لەنێوان هۆزەكان و چەكدارانی تیرۆریست دروست بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە داعش هەر لەو خەڵكە و دیسان ئەزموونی سەحواتمان هەیە كە لە ئەنبار و كەركووك دروستكران. سەحەوات بە رۆژ پیاوی دەوڵەت و بە شەو پیاوی ئەلقاعیدە و گرووپە تیرۆریستییەكان بوون. ئێستا بەهەمان شێوە ئەو ئەزموونە دووبارە دەكرێتەوە. شاخەوان عەبدوڵڵا نەیشاردەوە كە چەكداركردنی ئەو هۆزە عەرەبانە بە تایبەتی لەو ناوچانەی كە پێكهاتەی نەتەوەیی دیكەیشی تیادایە، مەترسییەكی دیكەش دروست دەكات بۆ پێكدادان لە داهاتوودا.









