خەبات: سلێمانی
هاوكار رەشید كە یەكێكە لەو گەنجە چالاكوانانەی لە كاتی قەدەغەی هاتوچۆدا لەگەڵ كۆمەڵێك هاوەڵیدا سەرقاڵی ئەنجامدانی كاری خێرخوازی بوون بۆ دابەشكردنی یارمەتی و هاوكاری بەسەر لێقەوماواندا، بەتایبەت لەو ماوەیەدا كە هەندێك لە هاووڵاتیان بەهۆی داخستنی بازاڕ و دووكانەكانەوە بێكارمابوونەوە و نانی رۆژانەیان بە ئەستەم دەستدەكەوت.
هەر لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەكە لە شاری وهانی چین، ئەم گەنجە دەست دەكات بە بڵاوكردنەوەی زانیاری لەسەر ڤایرۆسەكە و ئەو راپۆرتە جیهانیانەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە هەژمارەكەی خۆی بڵاو دەكاتەوە و رێنماییە تەندروستییە جیهانییەكانی وەردەگێڕایە سەر زمانی كوردی و بڵاوی دەكردنەوە.
هاوكار وەك خۆی دەڵێت رۆژێك پۆستێكی كردووەو داوای كردووە كە هەموو خەڵك خۆیان بپارێزن، چونكە ئەو ڤایرۆسە بگاتە هەرێمی كوردستان ئەوا ئەم دووهەم كەس دەبێت دەیگرێت.
چوار مانگ بەسەر ئەو پۆستەی فەیسبووكیدا تێپەڕ دەبێت، درەنگانێكی شەو هاوكار هەست دەكات قورگی دەكزێتەوەو لوتی دەخورێت، گومان دەكات كە تووشی پەتاكەبووبێت، دەستبەجێ تەلەفۆن دەكات بۆ هاوەڵێكی و تێستی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بۆ خۆی ئەنجام دەدات. بۆ سبەی شەو لە یەكی حوزەیراندا ئەنجامەكەی دێتەوەو دەردەچێت كە پۆزەتیڤە و تووشی پەتای جیهانی كۆرۆنای نوێ بووە.
ئێستا زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر تووشبوونی هاوكاردا تێپەڕیوە، بۆ گواستنەوەی چیرۆكی توشبوونەكەی هاوكار و چۆنیەتی چاكبوونەوەی، سەردانی ناوبراومان كرد لە ماڵەكەی خۆی لەگەڕەكی ئاشتی شاری سلێمانی.
هاوكار باس لە ژیانی رۆژانەی خۆی دەكات لە كونجی ژوورێكداو دەڵێت: ناوبەناو پەنجەرەی ژوورەكەم دەكردەوە و سەیرێكی دەرەوەم دەكرد و هەواگۆڕكێی ژوورەكەم دەكرد. بۆ نان خواردن دەهاتمە مەتبەخ و لەوێ لە قاپ و كەوچكی جیاكراوەدا نانەكەم دەخوارد و دواتر سەرجەمیان بە ئامێری شوشتنی قاپ و قاچاخ پاكژ دەكرانەوە، چونكە پلەی گەرماكەی دەگاتە نزیكەی 70 پلەی سەدی و هەر ڤایرۆسێك هەبێت دەیكوژێت.
هاوكات بەدرێژایی ئەو ماوەیە كە ئامادەنەبووە بچێتە نەخۆشخانە و كونجی ماڵەوەی هەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی چاكبێتەوە، بەردەوام لەلایەن چەند دكتۆرێكەوە رێنمایی تەندروستی كراوە لەوانە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی د.سەباح هەورامی و د. هادی عەلی.
هاوكار سەبارەت بەوەی كە چی جۆرە دەرمانێكی بەكارهێناوە بە، رێنمایی پزیشەكان یاخود بۆ زیاتر باش بوونی رەوشی تێكچووی تەندروستیی دەڵێت: جگە لە شروبێك و دەستەیەك پاراسیتۆڵ بۆ نەهێشتنی ئازار، هیچ دەرمانێكم بەكارنەهێنا، ئەمیش لەژێر رێنمایی دكتۆر هادیدا بەكارم هێنا، هەر ئەوە بوو. بەردەوام ڤیتامینەكانم بەكاردەهێنا. ڤیتامین سی، دی، بی 12.2، جگە لەوانە بەردەوام پرتەقاڵ و لیمۆ و ئاوی نەعنا و زەنجەفیل و سیرم دەكرد بە عەسارەداو گیراوەیەكم لێدروست دەكرد ئێواران و بەیانیان دەمخواردەوە. هاوكات سوپێكی سەوزەم دروست كردبوو خۆم لە زۆرێك لە سەوزەكان كە تێكەڵم كردبوو، خۆم دروست دەكرد و دەمخوارد. هەمو رۆژێك قاپێك دوو قاقم دەخوارد.
نیشانەكانی نەخۆشیەكەلە مندا جیاوازبوو كۆكەو پژمەی زۆرم نەبوو
سەبارەت بە نیشانەكانی نەخۆشیەكە، هاوكار باس لەوە دەكات كە ئەو پژمەو كۆكەی نەبووە، تەنیا قورگ ئێشە، سەر ئێشە، داهێزرانی جەستەی، ئازاری ماسولكە لە شان و پشتدا، سنگ ئێشە و بۆ ماوەی 3-4 رۆژیش هەستی تام و بۆن كردنی لەدەست داوە. بۆ ئەمەش بەردەوام رۆحی نەعنای خستۆتە ناو ئاوی كەتری و گەرمی كردووە و هەڵمەكەی هەڵمژیەوە كە ئەمەش قورگ و سنگی پاك كردۆتەوە و هەستی پێكردووە.
بۆ ئەوەی بەرگری لەشم دانەبەزێ خۆم لە تەلەڤیزیۆن و تۆڕی كۆمەڵایەتی دوورخستەوە
هاوكار باس لەوە دەكات كە شەڕی ڤایرۆسەكە لەگەڵ مرۆڤدا وەك زۆرانبازی وایە، هەركاتێك تۆ لاواز بیت ئەو لەوكاتەدا لێت دەدات و دەڵێت: بۆی هەرشتێك هەستم بكردایە بەرگریم لاواز دەكات راستەوخۆ لێی دوور دەكەوتمەوە، بۆ نموونە ئەو راپۆرتانەی باسیان لە مردنی تووشبووانی كۆرۆنا دەكرد، یان باسیان لە مانەوەی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا دەكرد لەدوای چاك بوونەوە، هەموو ئەمانە ترسی لا دروست دەكرم و نەخۆشییەكە هەستم دەكرد هێرشی بۆ دەهێنامەوە. بۆیە ناچار هەموو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانم وەلا ناو هەرگیز سەیری كەناڵەكانی راگەیاندنم نەدەكرد، باشتر وایە فەیسبووك و تۆری كۆمەڵایەتی لەو ماوەیەی نەخۆشییەدا وازلێبێنیت چونكە خەڵك بە نەشارەزایی تێدەكەوێت، هەرچی بەر دەستبكەوێت بڵاوی دەكاتەوە، ئەمەش خراپ دەكەوێتەوە لەسەر باری دەروونی و تەندروستی تووشبووان”.
دەبێت هەموو وزەی لەشت بخەیتە خزمەتی سیستەمی بەرگریتەوە تاكو شەڕی ڤایرۆسەكە بكات
هاوكار رەشید باس لەوە دەكات كە نەخۆشیەكە بەردەوام هەوڵی لاواز كردنت دەدات بەڵام ئەگەر بێت و تۆ بڕیارت دابێت لەو بەهێز تربیت ئەوا خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆت و بەردەوام سەردەكەویت بەسەریدا و دەڵێت: ئەو كاتەی كە هەستدەكەیت ڤایرۆسەكە زاڵە بەسەر دەروونتدا و خەریكە لاوازت دەكات لە رووی دەروینەوە، دەبێت تۆ راستەوخۆ خۆت سەرقاڵ بكەیت بە شتێكی لاوەكییەوە، بۆ ئەوەی بیرت لای نەخۆشیەكە نەمێنێت، لەوانە سەیركردنی فیلم، كتێب خوێندنەوە.
منداڵەكەم بێزاربوو لەماڵ چونكە نەمدەهێشت ئەویش بچێتە دەرەوە
هاوكار رەشید باس لەوە دەكات بە درێژایی ئەو ماوەیە منداڵەكەی رۆژانە دەهاتە نزیك دەرگاكەو دەیگووت باوكە ئاو ناخۆیت، هەستی دەكرد كە دۆخێكی تایبەت هەیەو ناتوانێت نزیك بێتەوە، یەك دوو جار دەهاتە بەردەرگای ژوورەكە و سڵاوێكی لێكردووە و نەیهێشتووە نزیكی بكەوێتەوە، هاوكات رێگری كردووە لەوەی كە ئەویش بچێتە دەر، نەوەك هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت و بچێتە دەرەوەو بەهۆی ئەوەوە چەندین كەسی تر تووشبێت.
هەست بە ڤایرۆسەكە دەكەم كە لەجەستەمدا نەماوە
هاوكار باس لەوە دەكات كە لەماوەی 10 -12 رۆژدا هەستم كرد ڤایرۆسەكەم تێپەڕاندووەو دوای ئەوەی چوومەوە بۆ پشكنین سوپاس بۆ خوا نێگەتیڤ دەرچوو، ئێستاش چاوەڕێ دەكەم 15 رۆژی تر تێپەڕێت تاكو بتوانم پلازمای خوێنم ببەخشم بەوانەی كە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و دۆخیان ناجێگیرە.









