ێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان، لەبارەی چەند بابەتێک، بەتایبەتی پرسی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ دانوستاندن و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدایە، کە ئێستا لە هەمووکات زیاتر کاریگەریی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و دارایی.
لەو سەردانەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران بەجیا کۆدەبێتەوە. لەسەر ئاستی حیزبەکانیش لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و سەدرییەکان کۆدەبێتەوە.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا هەردوو جێگری سەرۆک لەگەڵیدا دەبن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن وەزیرانی دەرەوە و شارەوانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
رووداو