بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بە داخراوی دەمێننەوە. بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان بەپێی رێنماییەکانی پێشووتر بەردەوام دەبێت.
لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە دانیشتووی شارێکن و لە شارێکی دیکە فەرمانبەرن، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، “لە شارەکانی خۆیان بمێیننەوە و پێویست بە هاتووچۆ ناکات”.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاونیشتمانیان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و بەستنی دەمامک بن. لە بڕگەیەکی دیکەی بڕیارەکاندا هاتووە، دەبێت شۆفێر و سەرنشینی هەموو ئۆتۆمبێلەکان بە (تایبەت، کرێ و بارهەڵگرەوە) پابەند بن بە بەستنی دەمامک، بەپێچەوانەوە شۆفێرەکە 50 هەزار دینار سزا دەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی گوتووە، هەر گردبوونەوەیەک لە دەرەوەی شوێن و باڵەخانەکانی حکومی و کەرتی تایبەت بەبێ بەستنی دەمامک و رەچاونەکردنی دووریی 1 مەتر و نیوی نێوان کەسەکان بکرێت، هەر کەسێک پێنج هەزار دینار سزا دەدرێت.










