د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (كەناڵ 24) هۆكارەكانی خێرابوونی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دووپاتی كردەوە، شەپۆلی ئەم جارەی كۆرۆنا مەترسیدارترە و دەبێت هاووڵاتیان مەترسییەكانی ئەو پەتایە بە جددی وەربگرن.

هاوكات، وەزیری تەندروستی هەرێم 3 هۆكاریشى بۆ خێرابوونی تەشەنەكردنی پەتاكە ئاشكراكرد، كە یەكەمیان زیادبوونی تێكەڵاوی و بەركەوتنی نێوان هاووڵاتیانە، دووەمیشیان، بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە بەغدا و شارەكانی تری عیراق و بوونی هاتوچۆ لەنێوان ئەو شارانەی عیراق و شارەكانی هەرێمی كوردستان گواستنەوەی پەتاكەی بۆ هەرێم خێراتر كردووە، سێیەم هۆكاریش، پابەند نەبوونی هاووڵاتیان و بەهەند وەرنەگرتنی ڕێنماییەكانی تەندروستی و خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

د.سامان بەرزنجی داواشی لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كرد، پابەندی ڕێكارەكانی تەندروستی و خۆپارێزی بن و وتیشی: تا ئێستا 583 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، لەو ژمارەیەش 160 حاڵەت لەژێر چاودێری پزیشكیدان و دۆخی تەندروستی بەشێكیان ناجێگیرە.

سەبارەت بەو كەسانەی كە بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن، گوایە ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونی نییە، وەزیری تەندروستی وتی: بەداخەوە بۆ ئەو تێگەیشتنەی لای ئەو كەسانە دروستبووە و ئەو بانگەشانە بۆ مەرامی سیاسی دەكرێن و دووپاتی كردەوە، بە سیاسیكردنی پەتای كۆرۆنا هیچ لەبەرژەوەندی كۆمەڵگەدا نییە و مەترسییە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان.

د.سامان بەرزنجی داواشی لە هاووڵاتیان كرد، مەترسییەكان بە جددی وەربگرن و نەكەونە ژێر كاریگەری هیچ كەس و لایەنێك، چونكە دۆخەكە مەترسیدارە و ناكرێت ڕێكارەكان پشتگوێ بخرێن.