
هەزاران کەس بەهۆی گیانلەدەستدانی پیاوێکی رەشپێست “لەژێر قاچی پۆلیسێکی سپیپێست” لە ئەمەریکا هاتنە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندان، لە هەندێک شوێنیش خۆپیشاندانەکان تووندوتیژیان تێکەوتووە، تەنانەت کەسێکیش کوژرا.
جۆرج فلۆید، پیاوێکی تەمەن 46 ساڵی رەشپێست بوو، رۆژی 25-5-2020 لەلایەن تیمێکی پۆلیسەوە دەستگیردەکرێت، بەڵام ڤیدیۆی دەستگیرکردنەکەی و مامەڵەی پۆلیسە سپیپێستەکان لەگەڵی، وایانکرد هەزاران کەس خۆپیشاندان لەدژی ئەو پۆلیسانە بکەن، کە “بوونە هۆی گیانلەدەستدانی”.
خۆپیشاندانی هەزاران کەس لە شاری مینیاپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکا دوو شەوە تووندوتیژی تێدەکەوێت، بەجۆرێک شەوی رابردوو (چوارشەممە)، لەنزیک شوێنی خۆپیشاندانەکە کەسێک کوژرا.
رەوشی ئەو شارە بەگوتەی بەرپرسانی ئەمنی “زۆر ترسناک بووە”، لەدوای رووداوی گیانلەدەستدانی فلۆید.








