وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رای گەیاند پێشبینی هه‌ڵكشانی ژماره‌ی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كرا و جەختی کردەوە جیاوازییەكانی ئەمجارەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا مەترسیدارن.

د. سامان بەرزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە کەناڵی (كوردستان)24ی راگەیاند: “پێشبینی نه‌ده‌كرا ڤایرۆسه‌كه‌ له‌م گه‌رمایه‌دا چالاك بێ و  جیاوازیی هه‌ڵكشانه‌ی ئه‌مجاره‌ی ڤایرۆسه‌كه‌‌، رێژه‌ی تۆماركردن زیاتره‌ و سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ش نادیاره‌، بۆیه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌.

د. سامان به‌رزنجی، ئاماژەی بەوەش کرد: “لەبەر ئەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان مابوون و ژمارەیەك خەڵكیش كەرەنتین بوون، ھەروەھا لە شارەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ ژمارەكە روو لە ھەڵكشان بوو، لەلایەكی دیكە لە رووی پەتازانیوە ئێمە نەگەیشتبوینەتە ئەو رێژەیەی كە بڵێین كۆرۆنا بە تەواوی كۆنترۆڵكرابوو، لەڕووی سووری ژیانی ئەو ڤایرۆسە پێویستمان بە كاتێك ھەیە، ئێمە نەگەیشتبووینە ئەو ماوەیە و لەناو كۆمەڵگە ھەبوو، بۆیە پێشبینی تۆماركردنی تووشبووی دیكەمان دەكرد، بەڵام پێشبینی نەدەكرا، بە وەرزی گەرما ڤایرۆسەكە چالاك بێت”.

گوتیشی: “جیاوازییەك لە ھەڵكشانی ئەمجارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھەیە، كە بریتییە لە چەند خاڵێك، یەكێك لەوانە رێژەی تۆماركردن بەراورد بە پێشتر زیاترە، ھەروەھا تووشبووەكان نیشانەیان ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە دیار نییە، پێشتر زیاتر بەھۆی بەركەوتن بڵاودەبووەوە، بەڵام ئێستا ئەوە نییە، ئەوانەی تۆمار دەكرێن وەك نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە دەكەن، دوای پشكنین دەردەكەوێت ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، ئەم جیاوازیانە مەترسییەكی دیكە بە ئێمە پیشان دەدات”.