ئەمڕۆ سێشەممە 19-5-2020، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، دەستەیەک لە وەزارەت بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمید، وەزیری پەروەردە کۆ بووەتەوە و بڕیاری لەبارەی خوێندنی ئەمساڵ، داوە.
بڕیارەکە هەموو پارێزگاکانی عێراق و پارێزگای کەرکووک دەگرێتەوە و تایبەتە بە پۆلە ناکۆتاکانی خوێندن.
بۆ پۆلە ناکۆتاکانی قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی، پیشەیی و پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکان، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە کۆتایی بە پرۆسەی خوێندنی 2019- 2020 بهێنێت و نمرەی نیوەی ساڵ یان کۆرسی یەکەم بۆ دەرچوون یان مانەوەی قوتابیان، هەژمار بکات.
ئەو قوتابییانەی لە نمرەکانی نیوەی ساڵ یان کۆرسی یەکەم لە هەموو وانەکانیش کەوتبوون، دەتوانن لە خولی دووەم تاقیکردنەوە بکەن.









