وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادگای تایبەت بە زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵکەکانی شارەوانی، لە هەموو پارێزگاکان، پێکدەهێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 19-5-2020، وەزارەتی شارەوانی لە راگەیەندراوێکدا،  رایگەیاندووە، وەک هەنگاوی یەکەم، دادگایەکی تایبەت بەو کەسانەی زیادەڕۆیی دەکەنە سەر زەویوزار و موڵکی دەوڵەت، لە سلێمانی پێک دەهێنێت.

پرۆسەی پێکهێنانی دادگایەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگاکان بە هەماهەنگیی داگای تێهەڵچوونەو. دادگای کەتن، جێبەجێ دەکرێت.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی لەگەڵ توانا کەمال، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی تاوتوێی پێکهێنانی دادگاکەی کردووە، کە لەناو سەرۆکایەتیی شارەوانی دەبێت.

ساسان عەونی لەبارەی پاریزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە، بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018، لە هەموو پارێزگایەک دادگایەکی تایبەت بە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی زیادەڕۆیی دەکەنە سەر موڵکی دەوڵەت پێکدەهێنن.