وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایدەگەیەنێت، لەماوەی رۆژێكدا 150 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون كە ئەوەش زۆرترین ژمارەی تووشبوونە لە رۆژێكدا.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاندووە، لە 24 كاتژمێری رابردوو  سێ هەزار و 520 پشكنین ئەنجامدراون و ژمارەی تووشبووان بۆ یەكەمجار گەیشتە 150 تووشبوو لە رۆژێكدا.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، تائێستا 153 هەزار و 221 پشكنین ئەنجامدراون و ئەوانەشی تووشی كۆرۆنا بوون بەمشێوەیە بەسەر پارێزگا و ناوچەكاندا دابەشبوون (رەسافەی بەغدا: 45، كەرخی بەغدا: 45، شاری پزیشكی بەغدا: 30، بەسرە: 7، نەجەف: 3، واست: 3، كەربەلا: 2، موسەننا: 3، دیالە: 2، نەینەوا: 1، سلێمانی: 9 كە پێشتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان راگەیەندرابوو).
وەزارەتی تەندروستی رونیكردۆتەوە، 92 كەسی دیكە چاكبوونەتەوە كە زۆربەیان لە بەغدا بوون، ئەوانی دیكەش لە بەسرە و سەڵاحەددینن، هەر لە 24 كاتژمێری رابردوو، چوار كەسی دیكە بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە، هەر چواریان لە بەغدان.